Accessibility links

میسر گەورەترین بنکەی هێزی دەریایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتەوە


میسر بنکەیەکی نوێی هێزی دەریایی وڵاتەکەی کردەوە کە بە گەورەترین بنکەی لەو جۆرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، ئەمەش لە کاتێکدا گرژیـیەکانی نێوان میسر و تورکیا ڕوو لە زیادبوونە.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە مەراسمێکی گەورەدا بە ئامادەبوونی فەتاح ئەلسیسی سەرۆکی میسر و شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان جێنشینی ئەبو زەبی بنکەی بێرنیس کرایەوە لە پاش تەواوبوونی مانۆڕی لەشکری "قادر 2020" کە تیایدا هەموو هێزەکانی لەشکری میسر بەشداریـیان کرد.

مانۆڕەکە دەستیپـێکرد پاش چەند ڕۆژێک لەوەی تورکیا ڕایگەیاند هێز ڕەوانەی لیبیا دەکات بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتی فایز ئەلسەراج لە دژی جەنەڕاڵ خەلیفە حەفتەری دۆستی میسر و ئیمارات.

عەقید تامر ئەلڕفاعی گوتەبێژی لەشکری میسر لەسەر تویتەرەکەی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا توانا لەشکریـیەکانی وڵاتەکەی پـیشان دەدات.

پـێشتر ڕۆژی یەکشەممە عەقیلە ساڵح سەرۆکی پەرلەمانی لیبیا لە وتارێکیدا لە پەرلەمانی میسر داوای لە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە کرد یارمەتیان بدەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیا لە لیبیا. گوتی ئەگەر دەستێوەردانی بیانی لە وڵاتەکەیاندا بکرێت، ئەوانیش داوای یارمەتی هێزە چەکدارەکانی میسر دەکەن. گوتیشی هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر لیبیا بە دەرکردنی بەیاننامەی ناڕەزایی ڕاناگیرێت، بەڵکو پـێویستی بە هەڵوێستی توند و پشتیوانی ئاشکرایە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا دوێنێ سێشەممە لە وتارێکیدا لە بەردەم پەرلەمانتارانی پارتەکەی گوتی ئەگەر خەلیفە حەفتەر بەردەوام بێت لە هێرشەکانی بۆ سەر حکومەتی فایز ئەلسەراج، ئەوا وانەی پـێویستی پـێدەدەن.

ئەمڕۆش، یوسف ئەلمەنقوش جەنەڕاڵی خانەنشینی لیبی سەر بە تورکیا لە ئەنکەرە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆلوی گوت میسر و ئیمارات داوایان لە حەفتەر کرد ڕێکەوتنی مۆسکۆ واژوو نەکات.

جێی ئاماژەیە بەشی زۆری ناکۆکیـیەکانی نێوان میسر و تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ پشتیوانیکردنی ئەنکەرە لە ڕێکخراوی ئیخوان ئەلموسلیمن.

XS
SM
MD
LG