Accessibility links

داواکاری گشتی میسر فەرمانی دەستگیرکردنی 6 کەس دەدات لە چوارچێوەی کەیسی ڕووداوی شەمەنەدەفەرەکە


داواکاری گشتی میسر فەرمانی کردووە 6 کەس دەستگیربکرێن لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە ڕووداوی شەمەندەفەرەکەی قاهیرەی پایتەخت کە بەهۆیەوە بە لایەنی کەم 25 کەس گیانیان لەدەست دا.

نەبیل سادق ئەمڕۆ هەینی ئەو فەرمانەی دەرکرد پاش ئەوەی لێکۆڵینەوە سەرەتایـیەکان ئاماژەیان بۆ هەڵە و کەمتەرخەمی ئەو شەش کەسە کردبوو، لە نێویاندا شۆفێری شەمەندەفەرەکە و یاریدەدەرەکەی لەگەڵ کرێکاری بەرپـرس لە گۆڕینی ئاڕاستەی هێڵەکان.

ڕووداوەکە ڕۆژی چوارشەممە لە وێستگەی ڕەمسیسی قاهیرە بوو کاتێک شەمەندەفەرێک بە خێرایـیەکی زۆر خۆی کێشا بە بەربەستی کۆتایی هێڵێکی وێستگەکە و بەهۆیەوە تانکەری سووتەمەنی شەمەنەدەفەرەکە تەقیـیەوە و ئاگرێکی گەورە شوێنەکەی گرتەوە و لە ئاکامدا 25 کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 47 کەس برینداربوون.

هەر ئەو ڕۆژە هیشام عەرەفات وەزیری گواستنەوە داوای دەست لەکارکێشانەوەی کرد وەک بەرپـرسیارێتیـیەک بەرامبەر ڕووداوەکە. مستەفا مەدبولی سەرۆک وەزیر داواکەی پەسەندکرد.

ئەشەرەف ڕسلان سەرۆکی دەستەی هێڵە ئاسنینەکانی میسر ڕۆژی پـێنجشەممە لە بەردەم کۆمیتەی گواستنەوە لە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی، شۆفێری شەمەندەفەرەکە پـێشتر بڕیاری بۆ دەرچووبوو کە نابێت بۆ ماوەی شەش مانگ کارەکەی بکات بەهۆی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، بەڵام سەرەڕای ئەوەش گەڕاوەتەوە بۆ سەر کارەکەی.

XS
SM
MD
LG