Accessibility links

پارێزگارێکی پـێشوو لە میسر لەسەر گەندەڵی بڕیاری 10 ساڵ زیندانی بۆ دەدرێت


دادگایەکی میسر بڕیاری دا پارێزگارێکی پـێشووی وڵاتەکەی بۆ ماوەی 10 ساڵ زیندانی بکرێت پاش ئەوەی تۆمەتەکانی بەسەردا ساغبووە کە بەرتیلی وەرگرتووە.

دادگای تاوانەکانی جیزە ئەمڕۆ دووشەممە بڕیاری دا هیشام عەبدولباست پارێزگاری پـێشووی مونوفیـیە 10 ساڵ زیندانی بکرێت وە ئەو پارانەشی لێبسەندرێتەوە کە وەک بەرتیل وەریگرتبوون و لەگەڵ ئەوەش 15 ملیۆن جونیەی میسری غەرامە بدات کە دەکاتە زیاتر لە 83 هەزار دۆلار.

کاربەدەستانی دادوەری میسر دەڵێن هیشام عەبدولباست 27 ملیۆن و 450 هەزار جونیەی لە کاردارێک وەرگرتبوو لە بەرامبەر ئەوەی کۆمەڵێک پـرۆژەی ناو پارێزگاکەی بداتێ و کارئاسانی بۆ بکات لە زوو وەرگرتنی شایستە دارایـیەکانی.

لە ئێستادا هیشام عەبدولباست دەتوانێت لە دادگای پـیاداچوونەوە تانە لە بڕیارەکە بگرێت.

هیشام عەبدولباست لە ساڵی 2015 وە پارێزگاری مونوفیـیە بووە و لە سەرەتای ئەمساڵدا بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا. ناوبراو بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسای بەڕێوەبردن هەیە و دوو بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەیە، یەکێکیان لە ماف و ئەوی دیکەیان لە وێژە.

جێی ئاماژەیە میسر یەکێکە لەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە دەست گەندەڵیـیەوە دەناڵێنێت.

XS
SM
MD
LG