Accessibility links

سزای مردن دەسەپێندرێت بەسەر هێرشبەرانی سەر کڵێساکانی میسر


دادگایەکی لەشکریی لە وڵاتی میسر بڕیاری مردنی سەپاندۆتە سەر 17 تاوانبار لە دۆسێی تەقاندنەوەی کڵێساکان لە هەردوو ساڵی 2016 و 2017.

بەرپرسێک بە ئاژانسی دەنگ و باسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ئەو تاوانبارانە بە هێرشکردنەکەی مانگی دوازدەی ساڵی 2016 یکڵێسای بوترسییە لە ناوچەی ئەلعەباسییەی ناوجەرگەی قاهیرە کە بووە مایەی کوژرانی 29 کەس و هەروەهاش ئەو هێرشانەی ڕۆژی 9 ی مانگی 4 ی ساڵی 2017 کرانە سەر دوو کڵێسای تر، کڵێسای ماری جەرجیس لە تەنتا و هەروەهاش کڵێسای مەرقس لە ئەسکەندەریە، لەو دوو هێرشەدا 18 کەس کوژران.

هەر بەپێی بڕیارەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی دادگای تاوانە لەشکەرییەکان سزای زیندانیکردنی هەتا هەتایی بەسەر 19 کەسدا سەپاند و دە کەسی تریش سزای دە تا پازدە ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.

ئەو بەرپرسەی وڵاتی میسر بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت لێدوانی داوە بە فڕانس پرێس ئاماژەی بەوەش کردووە تاوانباران بە دانانی بۆسەی نەقەفیش گوناهبارکراون لە هەرێمی ئەلوادی ئەلجەدید کە هەشت کەس لەو ڕووداوەدا کوژراون و هەروەهاش بە هەوڵدان بۆ کوشتنی 14 کارمەندی هێزەکانی پۆلیسیش گوناهبارن.

ئەوانەی ئەو بڕیارانەی داگایان بەسەردا دراوە دەتوانن لە دادگای باڵای میسردا تانە لە بڕیارەکە بدەن.

هاوکاتی ئەو هێرشانە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەی لە ئەستۆ گرت و لەو کاتەشەوە باری نائاسایی لە وڵاتی میسردا ڕاگەیەندراوە و تا ئێستاش بەردەوامە.

XS
SM
MD
LG