Accessibility links

میسر ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی لەشکری لە دژی گروپە توندڕەوەکانی وڵاتەکەی دەسـتپـێـکردووە


میسر ئۆپەراسیۆنێکی لەشکری گەورەی لە دژی گروپە چەکدارە توندڕەوە ئیسلامیـیەکانی نێو وڵاتەکەی دەسـتپـێکردووە و تیایدا هێزی زەمینی و ئاسمانی و دەریایی و پاسەوانانی سنوور و پـۆلیس بەشداری دەکەن.

عەقید تامر ئەلرفاعی گوتەبێژی لەشکری میسر لە دوو بەیانـنامەدا کە ئەمڕۆ هەینی لەسەر فەیسبوکی فەرمی خۆی بڵاویکردەوە، دەڵێت بەیانی ئەمڕۆ ئۆپەراسۆنەکە دەسـتیپـێکردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە تێرۆرستیـیەکان لە باکور و ناوەڕاستی سینا و ناوچەی دیکەی دەلتای میسر و ناوچەی بیابانی ڕۆژئاوای ڕووباری نیل.

پاشان داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد هاوکاری تەواوی لەشکر و هەموو هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا بکەن، ئەمەش لەپـێناو ڕیشەکێشکردنی تێرۆر لە وڵاتەکەیاندا.

لە بەیاننامەی دووەمیش ڕایگەیاند فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی وڵاتەکەیان بۆردومانی ئەو حەشارگە و عەمباری چەک و تەقەمەنیـیانەی گروپەکانیان کردووە کە لە هێرشە تێرۆرستیـیەکانی سەر خەڵکی سیڤیل لە باکور و ناوەڕاستی سینا بەکارهێنراون.

گوتیشی هاوکات هێزی دەریایی ڕێوشوێنی توندیان گرتووەتەبەر بۆ ڕێگەگرتن لە گەیشتنی یارمەتی بۆ تێرۆرستەکان لە ڕێگەی ئاوی ڕووبار و دەریاکانەوە، وە هێزەکانی پـۆلیس و پاسەوانانی سنووریش پـشکنین و لێپـرسینەوەکانیان لە خاڵە سنووریـیەکان و خاڵەکانی پـشکنین چڕترکردووەتەوە.

XS
SM
MD
LG