Accessibility links

پارێزەرێک لە میسر دەڵێت خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی کاندید دەکات


پارێزەر خالید عەلی
پارێزەر خالید عەلی

پارێزەرێکی ناوداری مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتی میسر دەڵێت خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتی وڵاتەکە کاندید دەکات.

هەر لە ئێستەوە دەگوترێت پێناچێت ئەم خۆ کاندید کردنەی پارێزەر خالید عەلی کاریگەرییەکی ئەوتۆی هەبێت لەسەر هەڵبژاردنی گشتی سەرۆکایەتی وڵاتی میسر بەڵام وەک تاقیکردنەوەیەکە بۆ ئاستی جەماوەرێتی پارێزەر خالید.

خالید عەلی ئەمڕۆ دووشەممە کاندیدبوونی خۆیی ڕاگەیاند لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی قەرەباڵغدا کە لە بارەگای پارتی ئەلدەستور ی ئۆپزسیۆن بەڕێوەچوو.

لە کۆنفرانسەکەدا ئەم کاندیدەی پۆستی سەرۆکایەتی میسر ئاماژەی بەوە کردووە کار لەگەڵ لایەنە دیموکراسییەکانی تردا دەکات وەک دەڵێت "بۆ دڵنیابوون لە هەبوونی متمانەی ڕاستەقینە لەم ڕکابەرییەی بەشدار دەبێت تیایدا."

چاودێر بە دووری نازانن ئەم خۆ کاندید کردنەی پارێزەر خالید عەلی پڕ بێت لە کۆسپ و تەگەرە، لە سەروو هەموشیانەوە ڕەتکردنەوەی ناوەکەیەتی وەک کاندیدێک بەهۆی ئەو داوا یاساییانەی لەسەری تۆمارکراون.

چاودێر دەڵێن بانگهێشتکردنەوەی خالید عەلی بۆ جاری دووهەم لە دادگا مەبەستی سیاسیانەی لە پشتە بۆ ڕێگەگرتن لەوەی ببێتە کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتی میسر.

XS
SM
MD
LG