Accessibility links

میسر 41 کەس بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دادگایی دەکات

  • VOA News

داواکاری گشتی میسر کەیسی41 کەسی ڕەوانەی دادگای تاوانەکانی وڵاتەکەی کردووە بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و گواستنەوەی ئۆرگانەکانی لەش بە شێوەیەکی نایاسایی.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فەرمی میسر ئەمڕۆ سێشەممە هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت لە نێو ئەو کەسانە ژمارەیەک پـزیشک و کارمەندی تەندروستی هەن.

لێکۆڵینەوەکان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی 20 پـزیشک لەوانەی لە زانکۆ و نەخۆشخانە حکومیـیەکان کاردەکەن لەگەڵ 10 پەرستیار و 2 کارمەندی بانکی خوێن و 9 دەڵاڵ دەسـتیان هەبووە لە 29 نەشتەرگەری نایاسایی بۆ گواستنەوەی گورچیلە بۆ کەسانی نەخۆشی بیانی.

وەزارەتی تەندروستی میسر مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند لەگەڵ دەستەی چاودێری گەورەترین تۆڕی نێودەوڵەتی بۆ بازرگانی بە مرۆڤیان ئاشکراکردووە.

وەزارەتەکە گوتیشی دەسەڵاتداران 45 کەسیان دەسـتگیرکردووە و هەروەها دەستیانگرتووە بەسەر بڕێـکی زۆری پارە، بەڵام دەستەی چاودێری دەڵێت لەو 41 تاوانبارە تەنها 25 کەسیان دەسـتگیرکراون.

هەروەها لێکۆڵینەوەکان نیشانیانداوە نەشتەرگەریـیەکان لە شوێنی مۆڵەت پێنەدراو ئەنجامدرابوون کە مەرجەکانی ئەو جۆرە نەشتەرگەریـیانەیان تیادا نیـیە. تاوانبارەکان توانیویانە زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار بەم بازرگانیـیە نایاسایی‌یە پەیدابکەن.

لێکۆڵێنەوەکان پاش ئەوە ئەنجامدران کە ژنێکی میسری گیانی لەدەستدا پاش ئەوەی گورچیلەکەیان دەرهێنابوو و هەروەها 3 بیانیش کە گورچیلەیان بۆ گواستبوونەوە ئەوانیش گیانیان لەدەستدابوو.

جێی ئاماژەیە ملیۆنان هەژاری میسری هەن کە هەندێـکیان نا چاردەبن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان گورچیلەیەکیان بفرۆشن.

XS
SM
MD
LG