Accessibility links

میسر: ئاسەواری تەقەمەنی دۆزراوەتەوە بە تەرمی قوربانیانی ناو فڕۆکەکەی لە مانگی پـێنجدا کەوتە خوارێ


وەزارەتی فڕۆکەوانی سیڤیلی میسر ڕایگەیاند ئاسەواری تەقەمەنی بە تەرمی قوربانیانی ئەو فڕۆکەیەی هێڵی ئاسمانی وڵاتەکەی دۆزراوەتە کە لە 19 ی مانگی پـێنجی ڕابردوو کەوتە ناو دەریای ناوەڕاستەوە.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ماڵپەڕەکەی خۆی نووسیویەتی ڕاپـۆرتەکانی پـزیشکی دادوەری گەیشتوون بە ناوەندی ڕووداوەکان و تیایاندا باس لەوە دەکرێت مادەی تەقەمەنی بە تەرمی ژمارەیەک لە قوربانیانیـیەکانی فڕۆکەکەوە هەن.

پاشان نووسیویەتی بەپـێی یاسا ئەگەربێت و کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی تەکنیکی گومانی هەبێت کارێـکی تاوانکاری لە پشت ڕووداوەکەوە بێت، ئەوا پـێویستە دەزگای داواکاری گشـتی ئاگاداربکرێتەوە. بۆیە کۆمیتەکە لای خۆیەوە کەیسەکەی ڕەوانەی داواکاری گشتی کردووە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە فڕۆکەکە لە جۆری ئێرباس A320 بوو و 66 کەسی تێدا بوو و 19 ی مانگی پـێنج لە پاریسی پایتەختی فەڕەنساوە بەرەو قاهیرەی پایتەخت دەرچوو، بەڵام لە ناو دەریای ناوەڕاست لە نزیک کەنارەکانی میسر کەوتە خوارێ.

پـزیشکی دادوەری دوای پـێنج ڕۆژ لە ڕووداوەکە گوتی تەرمی هەندێـک لە قوربانیـیەکان بە شێوەیەک پارچە پارچە بوون کە پـێدەچێت بە تەقینەوەی بۆمبێـک وەهایان لێهاتبێت.

بەڵام دواتر ڕاپـۆرتێـکی کۆمیتەی لێکۆڵینەوەکان ڕایگەیاند بەپـێی تۆمارکراوەیەکی دەنگی ناو یەکێـک لە سندوقە ڕەشەکانی فڕۆکەکە، لە دوا ساتەکانی فڕۆکەکە بەر لە کەوتنی ئاگرێک لە ناو فڕۆکەکەدا ڕوویداوە.

XS
SM
MD
LG