سەرۆکی میسر دەڵێت خۆکوژێـک تەقینەوەکەی ناو کڵێسای قپـتیـیەکانی لە قاهیرەی پایتەخت ئەنجامداوە و بووەتە مایەی کوژرانی 23 کەس و برینداربوونی 49 کەسی دیکە.
عەبدولفەتاح ئەلسیسی ئەمڕۆ دووشەممە لە مەراسیمی ماتەمینی بۆ قوربانیـیەکان گوتی خۆکوژەکەی دوێنێ یەکشەممە تەقینەوەکەی ئەنجامدابوو ناوی مەحمود شەفیق محەمەد مستەفایە و تەمەنی 22 سال بووە. گوتیشی هێزەکانی ئاسایش 4 کەسیان دەسـتگیرکردووە کە گومان دەکرێت دەستیان لە هێرشەکەدا هەبووبێت. باسی لەوەش کرد یەک لەو دەسـتگیرکراوانە ژنە. جەختی لەوەش کرد ئامانجی هێرشەکە قپتی و موسڵمانە پـێکەوە.
کاربەدەسـتانی ئاسایشی میسر دوێنێ یەکشەممە گوتیان بەپـێی لێکۆڵینەوە سەرەتایـیەکان بۆمبەکە بە 12 کیلۆگرام مەزەندەدەکرێت.
سەرۆکایەتی میسر بە فەرمی 3 ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە وڵاتەکەدا ڕاگەیاند.
شێخی ئەزهەر ئەحمەد ئەلتەیب بە توندی هێرشەکەی شەرمەزارکرد و گوتی تاوانێـکی گەورەیە لە دژی هەموو میسریـیەکان ئەنجامدراوە و مەبەست لێی نانەوەی ئاژاوە و نائارامیـیە لە وڵاتەکەدا.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکاش لە قاهیرە هێرشەکەی بە توندی شەرمەزارکرد و گوتی ئەمەریکا پاڵپشـتی میسر دەکات لە شەڕی دژە تێرۆردا.