Accessibility links

ڕۆژنامەوانێـکی ناوداری میسر لە پاش دوو ڕۆژ لە دەسـتگیرکردنی ئازاددەکرێت


لەشکری میسر ڕۆژنامەوان و مافناسێـکی ناوداری ئازادکرد پاش دوو ڕۆژ لە دەسـتگیرکردنی بە تاوانی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست کە زیان بە بەرژەوەندی نیشـتیمانی دەگەیەنێت.

حوسام بەهجت ئەمڕۆ سێشەممە لە دەزگای هەواڵگری لەشکری لە قاهیرە ئازادکرا پاش ڕۆژێـک لەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێـکخراوەکانی مافی مرۆڤ ناڕەزایی خۆیان لە بارەی دەسـتگیرکردنی دەربڕی.

ڕۆژی یەکشەممە ناوبراو دەسـتگیرکرا لەسەر بڵاوکردنەوەی هەواڵێـک لەسەر ماڵپەڕی (مەدا میسر) لە مانگی دە کە تیایدا نووسیویەتی دادگای لەشکری 26 ئەفسەری دادگایی کردووە بە تاوانی هەوڵی ئەنجامدانی کودەتا.

خالید عەلی پارێزەری حوسام بەهجت بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت هەرچەندە حوسام ئازادکراوە، بەڵام هێشـتا ڕوون نیـیە کەیسەکەی بەچی دەگاتەوە.

سـکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە نیگەرانی خۆی دەربڕی لە بارەی دەسـتگیرکردنی حوسام. گوتەبێژی بان کی مون گوتی ئەمە نوێترین ئەڵقەیە لە زنجیرە دەسـتگیرکردنی پارێزەرانی مافی مرۆڤ لە میسر و ئەم کارانە جێی نیگەرانی قوڵی سکرتێری گشـتیـیە.

هەروەها ڕێکخراوی ئەمنستی گوتی دەسـتگیرکردنی حوسام نیشانەیەکی ڕوونە کە دەسەڵاتدارانی میسر بەردەوامن لە هەڵمەتەکەیان لە دژی ڕۆژنامەگەری ئازاد و کۆمەڵگای مەدەنی.

XS
SM
MD
LG