Accessibility links

داواکاری گشـتی میسر بە تەقینەوەی بۆمبێـکی چێنراو لە قاهیرە دەکوژرێت


بۆمبێـکی چێنراو لە ناوچەیەکی قاهیرەی پایتەختی میسر تەقیوەتەوە و لە ئاکامدا داواکاری گشـتی وڵاتەکە کوژراوە و بە لایەنی کەم 6 کەسیش برینداربوون کە دووانیان پـۆلیسن.

بەیانی دووشەممە کاتێـک هیشام بەرەکات لە ماڵەکەی لە ناوچەی نەزهە بە کەژاوەی ئۆتۆمبیلەکانی بەرەو شوێنی کارەکەی دەردەچێت، پاش دورکەوتنەوەی نزیکەی 400 مەتر لە ماڵەکەیەوە بۆمبێکی چێنراو پـیایاندا تەقیوەتەوە و بە سەختی برینداربووە و بە پەلە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکانی لە ژوری نەشتەرگەری گیانی لەدەسـتداوە.

هەروەها بەهۆی تەقینەوەکە نزیکەی 15 ئۆتۆمبیلیش تێکشکاون و بیناکانی ناوچەکەش زیانیان پـێـگەیشتووە.

کۆمەڵێـک بە ناوی بەرگری میلـلی لە جیزە "المقاومة الشعبية في الجيزة" کە زۆر ناسراو نیـیە لە ڕێگەی فەیسبوکەوە بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاندووە.

جێی ئاماژەیە لەوەتای لە سـاڵی 2013 وە محەمەد مورسی لە سەرۆکایەتی میسر لادراوە، هیشام بەرەکات هەزاران کەسی لایەنگری ئیخوانی موسلیمینی ڕەوانەی بەردەم دادگا کردووە.

XS
SM
MD
LG