Accessibility links

میسر دەڵێت تەنیا لەسەر بنچینەی دەستوری و یاسایی هێز ڕەوانەی سوریا دەکات


وەزارەتی دەرەوەی میسر دەڵێت وڵاتەکەی تەنیا بەپـێی میکانیزمی دەستوری و بنچینەی یاسایی و سیاسی دەوڵەتەکەیان هێزی لەشکری ڕەوانەی دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات.

ئەحمەد ئەبو زەید گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر ئەمڕۆ هەینی ئەمەی ڕاگەیاند پاش ئەوەی ڕۆژنامەی ئەهرامی فەرمی لە زاری سامح شوکری وەزیری دەرەوە بڵاویکردەوە کە گوتبوی ڕەوانەکردنی هێزی عەرەبی بۆ سوریا بە دور نازانێت.

ئەبو زەید دەڵێت ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوە لە وەڵامی پـرسیارێک بووە لە بارەی ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن ئەمەریکا داوایکردووە هێزی عەرەبی ڕەوانەی سوریا بکرێن، بۆیە نە لە دور و نە لە نزیک پەیوەندی بە شیانی ڕەوانەکردنی هێزی میسری بۆ سوریا نیـیە.

جێی ئاماژەیە مانگی ڕابردوو عادل جوبێر وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودیـیە گوتی وڵاتەکەی پـێشنیاری کردووە هێزی لەشکری لە هاوپەیمانی ئیسلامی دژی تێرۆرزم ڕەوانەی سوریا بکرێت. گوتیشی سعودیـیە ئامادەیە بەشداری لە هاوپەیمانێتیەکی لەو جۆرە بکات ئەگەر داوای کارێکی وەها لێبکرێت.

پـێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا گوتبوی ئەگەر عەرەبستانی سعودیـیە دەیەوێت هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بمێننەوە، ئەوا دەبێت خەرجیـیەکانی مانەوەی ئەو هێزانە دابین بکات.

XS
SM
MD
LG