Accessibility links

سەرۆکی میسڕ لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیادا تاوتوێی وێستگەی ئەتۆمی و بازرگانی گەنم دەکەن


سەرۆکی میسڕ عەبدل فەتاح ئەل سیسی
سەرۆکی میسڕ عەبدل فەتاح ئەل سیسی

سەرۆکایەتی میسڕ دەڵێت سەرۆکی وڵاتەکە عەبدل فەتاح ئەل سیسی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ڕووسیادا گفتوگۆی کردووە و تاوتوێی وێستگەیەکی ئەتۆمی دروستکراوی ڕووسییان کردووە لە کەناری باکووری میسڕ و هەروەها باسیان لە دابینکردنی گەنم و ئاسایشی خۆراک کردووە.

سەرۆکایەتی میسڕ وتی لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسی وەکو وەزیری بازرگانی ڕووسیا و نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا، باس لە کۆمەڵێک وەبەرهێنانی ڕووسی کراوە لە ناوچەکەدا، لەوانەش دامەزراندنی ناوچەیەکی پیشەسازی ڕووسی لە ناو ناوچەی ئابووری کەناڵی سویزدا.

لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوودا کۆمپانیای ڕوساتۆمی وزەی ڕووسی دەستیکرد بە دروستکردنی یەکەمین وێستگەی ئەتۆمی میسڕ لە ئەل دەبا، پێشبینی دەکرێت تەواوبوونی وێستگەکە تاوەکو لانیکەم ساڵی 2030 بخایەنێت.

بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، میسڕ هەوڵدەدات پەیوەندییە دوورودرێژەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا و ڕووسیاشدا هاوسەنگ بکات.

میسڕ هاوردەکاری سەرەکی گەنمی ڕووسیایە، دوای دەستپێکردنی جەنگەکە و تێکدانی هاوردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا، میسڕ پشتێکی زۆری بەستووە بە گەنمی ڕووسیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG