Accessibility links

سەرۆکی میسر ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندەدات بۆ بەهێزکردنی لەشکر و هێزە ئاسایشیـیەکانی لوبنان


سەرۆکی میسر دەڵێت وڵاتەکەی ئامادەیە یارمەتی لەشکر و دەزگا ئاسایشیـیەکانی لوبنان بدات لە بەهێزکردنی تواناکانیان، ئەمەش لە چوارچێوەی هاوکاری هەردوو وڵات لە شەڕی دژی تێرۆرزم.

عەبدول فەتاح ئەلسیسی ئەمڕۆ دووشەممە لە میانەی گۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ میشێل عۆن هاوتا لوبنانیـیەکەی گوتیشی لەو وتووێژانەی لەگەڵ سەرۆکی لوبنان ئەنجامی داون، تاووتوێی چەندان بابەتی هەرێمی و نێو دەوڵەتیـیان کردووە، لە سەروو هەموویانەوە شەڕی دژە تێرۆر و قەیرانی سوریا و قەیرانی پەنابەران، ئەوەی لوبنان بەدەسـتیـیەوە دەناڵێنێت.

شەڕی ناوخۆی سوریا زیانی زۆری بە لوبنانی دراوسێی گەیاند و چەندان جار گروپە توندڕەوەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لە سنوورەکانەوە دزەیان کردووە و هێرشیان لە ناو لوبنان ئەنجامداوە، بە تایبەتی لە دژی حزبوڵڵای لوبنان کە هێزی چەکداری لە ناو سوریا هەیە بۆ پشـتیوانیکردن لە حکومەتی بەشار ئەسەد.

هەروەها ئاوارەیەکی ئێجگار زۆر لە سوریاوە ڕوویان لەو وڵاتە کردووە. بەپـێی کاربەدەسـتانی لوبنان نزیکەی 1.5 ملیۆن سوری لە وڵاتەکەیان پەنابەرن، ئەمەش لە کاتێـکدا ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە ناگاتە 7 ملیۆن کەس.

میشێل عۆن لەوەتای لە مانگی دەی ساڵی ڕابردووەوە بە سەرۆکی لوبنان هەڵبژێردراوە ئەمە یەکەم سەردانیەتی بۆ میسر کە بڕیارە دوو ڕۆژ درێژە بکێشێت. عۆن لای خۆیەوە سوپاسی میسری کرد و داوای لە سیسی کرد سەردانی لوبنان بکات، ئەویش داواکەی پەسەندکرد.

XS
SM
MD
LG