Accessibility links

دادگایەکی میسر حوکمی ئیعدامی بۆ 11 کەس دەرکرد


دادگایەکی میسر بڕیاری حوکمی ئیعدامی بۆ 11 کەس دەرکرد بە تاوانی بەرپـرسیارێتی لە ئاژاوەکانی سـاڵی 2012 ی نێو یاریگای تۆپی پـێی شاری پـۆرسەعید کە بەهۆیەوە زیاتر لە 70 کەس کوژران و سەدان کەسی دیکە برینداربوون.

دادگای تاوانەکانی شاری پـۆرسەعید ڕۆژی سێشەممە ئەم بڕیارەی دا لە میانەی دادگایی‌کردنەوەی 73 تاوانبار بەو کوشتنکاریـیە کە لە سەردەمی سەرۆکی پـێشوو محەمەد مورسی ڕوویدا.

دادگاکە هەروەها بڕیاری حوکمی زیندانی 1 هەتا 15 سـاڵی بۆ 40 لە تاوانبارەکانی دیکە دەرکرد کە دووانیان ئەفسەری گەورەی پـۆلیس بوون. تاوانبارەکانی دیکە بەبێ گوناح دەرچوون.

لە ئێسـتادا پارێزەرانی حوکمدراوەکان دەتوانن داوای پـیاداچوونەوە بە بڕیاری ئەم دادگایە بکەنەوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە ئێوارەی 1 ی مانگی دووی سـاڵی 2012 کاتێـک هەردوو یانەی ئەلئەهلی و ئەلمیسری لە یاریگای پـۆرسەعید یاریـیان دەکرد ئاژاوەکە ڕوویدا کە بە خوێناویترین ڕووداوی پەیوەست بە وەرزش لە میسر دادەنرێت.

XS
SM
MD
LG