تەلەفیزیۆنی فەرمی میسر ڕایگەیاند محەمەد مورسی سەرۆکی پـێشووی وڵاتەکەیان لە میانەی دادگاییکردنی گیانی لەدەستداوە.
کەناڵەکە گوتی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە محەمەد مورسی و 23 تۆمەتباری دیکە برابوونە دادگا تاوەکو دادگاییبکرێن لەسەر کەیسی تاوانی پەیوەندی سیخوڕی بە هێزی بیانی، لەوانە بە وڵاتی قەتەر و ڕێکخراوی حەماسی فەلەستینی.
بەپـێی سەرچاوەکانی دادگا و پـۆلیس، مورسی تەمەن 68 ساڵ داوای لە دادوەر کردبوو ڕێگەی پێبدات قسەبکات، دادوەریش ڕەزامەندی دەربڕیبوو و ئەویش بۆ ماوەی 20 خولەک قسەی کردووە و هەڵچووە و لە ناکاو لە هۆش خۆی چووە و بردوویانە بۆ نەخۆشخانە و لەوێ هەواڵی مردنی ڕاگەیاندرا.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە 1 ی مانگی شەشی ساڵی 2015 دادگایەکی میسر سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ مورسی دەرکرد، بەڵام دادگای پـیاداچوونەوە سزاکەی ڕەتکردەوە و بڕیاری دا دادگاییکردنەکەی دووبارەبکرێتەوە.
مورسی لە 30 مانگی شەشی ساڵی 2012 دەسەڵاتی گرتەدەست لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی گشتی. لە 3 ی مانگی حەوتی ساڵی 2013 لە لایەن لەشکرەوە لە دەسەڵات لادرا پاش ئەوەی خۆپـیشاندان و ناڕەزایی وڵاتەکەی گرتەوە.