داداگای وڵاتی میسر بڕیاری زیندانیکردنی هه‌تا هه‌تایی دا به‌سه‌ر سه‌رۆکی پێشوی وڵاته‌که و وه‌زیری ناوخۆی سه‌رده‌می حوسنی موباره‌کیش له‌و دۆسێیه‌دا که له میدیای میسریدا به دادگایی‌کردنی سه‌ده ناودێر کراوه. حوسنی موباره‌ک و حه‌بیب ئه‌لعادلی ڕووبه‌ڕووی تاوانه‌کانی گه‌نده‌ڵی و کوشتنی به مه‌به‌ستی خۆپیشانده‌ران بووبوونه‌وه.
دادوه‌ر ئه‌حمه‌د ڕه‌فعه‌ت بڕیاره‌کانی ئه‌مڕۆی دادگای ڕاگه‌یاند بۆ زیندانی کردنی هه‌تاهه‌تایی موحه‌مه‌د حوسنی ئه‌لسه‌ید موباره‌ک و حه‌بیب ئیبراهیم حه‌بیب به‌هۆی ئه‌و تاوانانه‌ی له دادگادا ڕووبه‌ڕوویان بوونه‌ته‌وه له گه‌نده‌ڵی و ده‌ست هه‌بوون له کوژرانی خۆپیشانده‌رانی بێ چه‌ک له ده‌می ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی بوونه مایه‌ی کۆتایی هێنان به نزیکه‌ی 30 ساڵی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی کردنی حوسنی موباره‌ک.
موباره‌ک یه‌که‌م سه‌رۆکی وڵاتێکی عه‌ره‌بییه له پاش شه‌پۆله‌کانی به‌هاری عه‌ره‌ب دادگایی بکرێت و بڕیاری زیندانیکردنی له‌سه‌ر بدرێت.
ئه‌م بڕیارانه‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ی دادگای میسر ، به پێچه‌وانه‌ی داواکانی دادپارێزانی گشتی وڵاته‌که‌وه بوون که داوای سه‌پاندنی سزای مردنیان ده‌کرد به‌سه‌ر حوسنی موباره‌ک و هه‌موو ئه‌وانه‌ش که ده‌ستیان هه‌بووه له سه‌رکوتکردنه‌کانی وڵاتی میسردا.
جۆرج ئیسحاق ، دامه‌زرێنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ( کفایه) یه له میسر و به به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مریکای گووت تا ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆر بڕیاره‌کانی دادگا له‌سه‌ر سه‌رۆکی پێشوو وه وه‌زیری ناوخۆ به‌لای زۆربه‌وه په‌سه‌ندن. به‌ڵام وه‌ک ده‌ڵێت ئه‌مه به‌و مانایه نییه له‌گه‌ڵ ته‌واوی بڕیاره‌کانی دادگادا بن.
جۆرج ئیسحاق ده‌ڵێت کاتێک بڕیاری زیندانیکردنی هه‌تا هه‌تایی له‌سه‌ر وه‌زیری ناوخۆ ده‌درێت ، به‌ڵام یاریده‌ده‌ره‌کانی به بڕیاری دادگا بێ‌تاوان داده‌نرێن ، ئه‌مه وا ده‌کات ناڕه‌زایی له ناو خه‌ڵکدا دروست بکات چونکه هه‌رگیز خه‌ڵک به‌وه قایل نابێت یاریده‌ده‌رانی وه‌زیری ناوخۆ بێ‌تاوان بن. به‌ڕێز ئیسحاق ده‌شڵێت ئه‌وه‌ی به‌لایه‌وه زۆر سه‌یر بووه له بڕیاره‌که‌ی دادگادا بێتاوانکردنی موباره‌ک بووه له‌و گه‌نده‌ڵیه ئابوریانه‌ی کردوونی ، که هه‌موو که‌س ده‌زانن چه‌ندێک سامانی له‌سه‌ر کۆکردۆته‌وه بۆ خۆیی و بۆ بنه‌ماڵه‌که‌شی که له بانکه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی میسر دایناون.
جۆرج ئیسحاق ده‌ڵێت شتی گرنگ و مه‌ترسیدار له‌م دۆسێیه‌دا ئه‌وه‌یه که سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن باسی له شاردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌کان کرد ، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانرێت کێ ئه‌و به‌ڵگانه‌ی شاردۆته‌وه و ئایاش لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت یان نا ، ئه‌مه‌ش مه‌سه‌له‌یه‌کی مه‌ترسیداره له دۆسێکه‌دا و وه‌ک ده‌ڵێت ئه‌مه‌ش یه‌کێک بووه له‌و هۆکارانه‌ی وایکرد دادپارێزی گشتی به بڕیاره‌کانی دادگا قایل نه‌بێت و داوا بکات بخرێته به‌رده‌م دادگای چاو پیاخشاندنه‌وه.
مه‌جدی ئه‌لده‌قاق ، نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان و ئه‌ندامی پارتی نیشتیمانی میسر ده‌ڵێت وه‌ک بارێکی باو پێویسته ڕێز له بڕیاره‌کانی دادگاکان بگیرێت ئه‌گه‌ر سه‌روه‌ری یاسامان بوێت له میسردا.
مه‌جدی ئه‌لده‌قاق که پێشتر سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری ئۆکتۆبه‌ر بوو ده‌ڵێت وه‌ك هه‌میشه گوتوویانه بڕیاره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ناونیشانی ڕاستیه‌کانه ، هه‌ر بۆیه پێویسته له‌سه‌ر هه‌مووان ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی توڕه‌یی و ناڕه‌زاییشیان هه‌یه به‌رامبه‌ر به بڕیاره‌کانی ئه‌مڕۆی دادگا، ڕێی یاسایی بگرنه به‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ی هه‌مووان متمانه‌ی خۆمانمان دا به ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری میسری.
ئه‌م بڕیارانه‌ی دادگا هاوکاته له‌گه‌ڵ نزیکبوونه‌وه له گه‌ڕی دووه‌م و کۆتایی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی میسردا.
دوو کاندید بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی سه‌رۆکایه‌تی ماونه‌ته‌وه ، یه‌کێکیان ( ئه‌حمه‌د شه‌فیق ) ه که له سه‌روه‌ختی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی حوسنی موباره‌کدا پۆستی سه‌ره‌ک وه‌زیری وڵاته‌که‌ی لابووه و ئه‌وی تریشیان ( موحه‌مه‌د مورسی ) کاندیدی ئیخوانولموسلیمینه‌کانی میسره.
مه‌جدی ئه‌لده‌قاق له‌و بڕوایه‌دایه ئه‌م بڕیارانه‌ی دادگا هیچ کاریگه‌رییه‌کی نابێت به‌سه‌ر ڕه‌وشی هه‌ڵبژاردنه‌که‌وه بۆ سه‌رۆکایه‌تی میسر و ده‌شڵێت پێویست ناکات ئه‌م دوو مه‌سه‌له‌یه به یه‌که‌وه ببه‌سترێنه‌وه چونکه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه هه‌ڵبژاردنه له نێوان دوو پڕۆژه‌ی دوو که‌سایه‌تی جودادا، وه ده‌شڵێت ده‌ڵێت هه‌روه‌ها نابێت بڕیاره‌کانی دادگای میسر ببه‌سترێنه‌وه به‌و بژارانه‌ی گه‌لی میسر ده‌یه‌وێت ، چونکه له میسر هه‌ن داوای ده‌وڵه‌تی سیڤیلی ده‌که‌ن و سه‌قامگیرییان بۆ میسر ده‌وێت و ده‌شیانه‌وێت مه‌سه‌له‌ی گۆڕانکارییه‌کان و ڕێگه‌ی چاکسازی ته‌واو بکه‌ن به سوود وه‌رگرتن له‌و په‌ره‌سه‌ندنه سیاسی و هزریانه‌ی له پاش ڕاپه‌رینی خه‌ڵکه‌وه هاتنه ئاراوه.
ئه‌لده‌قاق ده‌شڵێت لایه‌نێکی تریش هه‌یه ده‌خوازێت سوود له ڕووداوه‌کانی میسر وه‌ربگرێت له چوارچێوه‌ی خه‌لافه‌تی میسری یان خه‌لافه‌تی ئیسلامی‌دا یان کۆنترۆڵی تاک لایه‌نی ، له‌به‌ر ئه‌مانه بڕیاره‌کانی دادگا هه‌رگیز کاریگه‌رییان نابێت بۆسه‌ر ڕه‌وشی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵکو چۆنیه‌تی ڕوانینی میسریه‌کان بڕیار ده‌ر ده‌بن له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا که ئایا وڵاتێکی دیموکراتییان ده‌وێت و مافه‌کانی مرۆڤی تیادا پارێزراو بێت و فره‌یی سیاسی تیادا بێت یان ده‌وڵه‌تێک ڕابه‌ر سه‌رکرده بێت و ئیخوانولموسلیمینهکان به‌ڕێوه‌ی به‌رن.
به‌ڵام جۆرج ئیسحاق دامه‌زرێنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی کفایه له میسر ده‌ڵێت به پێچه‌وانه‌وه ئه‌م بڕیارانه‌ی دادگا کاریگه‌ری خۆیان ده‌بێت.
ده‌ڵێت بڕیاره‌کانی دادگا کاریگه‌ریه‌کی تابڵێی زۆری ده‌بێت به‌سه‌ر کاندیده‌که‌ی ڕژێمی پێشوه‌وه چونکه خه‌ڵک وا هه‌ست ده‌که‌ن ڕژێمه‌که‌ی پێشوو له‌سه‌ر ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌یه و بێگومان ئه‌مه‌ش وا ده‌کات ڕکابه‌ره‌که‌ی به هه‌موو توانایی و شتێکیه‌وه به‌ره‌نگاری ببێته‌وه.
تا ئه‌مڕۆ و ڕاگه‌یاندنی بڕیاره‌کان وه‌ک دادوه‌ر ئه‌حمه‌د ڕه‌فعه‌ت ده‌ڵێت پرۆسه‌ی دادگایی کردنه‌کان بریتی بوون له 49 دانیشتن و هه‌روه‌هاش دۆسێی دادگایی کردنه‌کانیش له زیاتر له 60 هه‌زار لاپه‌ڕه پیکهاتووه.
له‌سه‌ر بنچینه‌ی هه‌ردوو وتووێژه‌که‌ی له‌گه‌ڵ جۆرج ئیسحاق ، دامه‌زرێنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ( کفایه) و مه‌جدی ئه‌لده‌قاق ، نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان و ئه‌ندامی پارتی نیشتیمانی میسر ، به‌ڵێن ساڵح ئه‌م ڕاپۆرته‌ی ئاماده‌کردووه.
ده‌توانن له ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی ڕاپۆرته‌که بن که ماوه‌که‌ی 6:35 خوله‌که.