Accessibility links

سەرۆکی میسر و سەرۆک وەزیری ئیسرائیل کۆدەبنەوە

  • VOA News

عەبدولفەتاح ئەلسیسی سەرۆکی میسر و بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیل کۆبوونەوە و وتووێژیان لە بارەی چەند پـرسێـکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، لەوانە پـرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیـیەکان.

کۆبوونەوەکە شەوی سێشەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەڕێوەچوو و ئۆفیسی هەریەک لە سەرۆکایەتی میسر و سەرۆک وەزیری ئیسرائیل هەواڵی کۆبوونەوەکەیان ڕاگەیاند.

تویتەری بنیامین نەتەنیاهو دوو وێنەی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردووەتەوە و لەسەری نووسیوە " سەرۆک وەزیر نەتەنیاهو چاوی کەوتووە بە سەرۆکی میسر عەبدولفەتاح ئەلسیسی لە نیویۆرک".

فەیسبوکی سەرۆکایەتی میسر ئەویش چەند وێنەیەکی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت عەبدولفەتاح ئەلسیسی لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە نیویۆرک پـێشوازی لە سەرۆک وەزیری ئیسرائیل کرد، ئەمەش بە ئامادەبوونی سامح شوکری وەزیری دەرەوە و خالید فەوزی سەرۆکی موخابەرات.

دەشڵێت لە کۆبوونەوەکە تاووتوێی چۆنیەتی بوژاندنەوەی پـرۆسەی ئاشتی نێوان لایەنی فەڵەستینی و ئیسرائیلی کراوە، ئەمەش بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ کێشەکە. پاشان هەوڵەکانی سەرۆک ترامپ‌یان بۆ هەمان مەبەست بەرزنرخاند.

جێی ئاماژەیە ئەمە یەکەم جارە عەبدولفەتاح ئەلسیسی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهو کۆببێتەوە لەوەتای لە مانگی شەشی ساڵی 2014 وە پـۆستی سەرۆکایەتی میسری گرتووەتەدەست. ئۆفیسی نەتەنیاهو دەڵێت کۆبوونەوەکە نزیکەی یەک کاژمێر و نیو درێژەی کێشاوە.

XS
SM
MD
LG