لەشکری میسر ڕایگەیاند ڕێبەری گروپی بەیت ئەلمەقدسی سەر بە داعش کوژراوە لە میانەی شەڕ و پـێکدادانێکدا لە ناوەڕاستی ناوچەی سینا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە.
عەقید تامر ئەلرفاعی گوتەبێژی لەشکری میسر ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر فەیسبوکی فەرمی خۆی هەواڵەکەی ڕاگەیاند و نووسیویەتی لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئاسایش و لەشکر بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی باکور و ناوەڕاستی سینا، هێزێکی لەشکری هەڵمەتێکی لە ناوچە شاخاویـیەکانی ناوەڕاستی سینا ئەنجامداوە و لە ئاکامدا ناسر ئەبو زەقول ئەمیری داعش لە ناوەڕاستی سینا کوژراوە.
پاشان نووسیویەتی کڵاشینکۆفێک و شەش مەخزەن و دوو بۆمبی دەستی و ئامێرێکی بێتەلی پـێگیراوە.
لەوەتای ساڵی 2013 وە هێزەکانی لەشکر و ئاسایشی میسر هەڵمەتی گەورە ئەنجام دەدەن بە ئامانجی نەهێشتنی گروپە توندڕەوەکان لە وڵاتەکەیاندا، بە تایبەتی لە ناوچەی باکوری و ناوەڕاستی سینا کە لەوێ باڵی میسری داعش چالاکە.