دادگایەکی میسر دەسـتیکردووە بە دادگایـیکردنی 66 کەس بە تۆمەتی پـێکهێنانی گروپێـکی توندڕەوی سەر بە داعش لە وڵاتەکە و نەخشەدانان بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئاسایشی و قێپتیە کرستیانەکان.
چەند سەرچاوەیەکی دادوەری ئەمڕۆ سێشەممە بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند کە لە دادگای تاوانەکانی ئەلجیزە دانیشتنی یەکەم بۆ کەیسەکە بەڕێوەچوو و دادوەر موعتەز مستەفا خەفاجی بڕیاری دا دانیشتنی داهاتووی دادگا لە 10 ی مانگی نۆ بەڕێوەبچێت.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە ناوەڕاستی مانگی پـێنجی ڕابردوو نەبیل ئەحمەد سادق داواکاری گشتی میسر کەیسی ئەم 66 کەسەی ڕەوانەی دادگاکرد پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان لەسەریان.
دەڵێن ئەمانە بەیعەتی خۆیان بۆ ئەبو بەکر ئەلبەغدادی ڕاگەیاندووە و گروپێـکیان پـێکهێنابوو بە ناوی ویلایەتی سعیدی داعش کە لە 8 شانە پـێکهاتبوو و لە شارەکانی قاهیرە، جیزە، کەفر شێخ ، بەنی سوەیف، ئەلمنیا و ئەسوان دابەشبووبوون بۆ ئەنجامدانی هێرشی تێرۆرستی.