Accessibility links

کچێکی تەمەن 12 ساڵان لە میسر دوای خەتەنەکردنی گیانی لە دەستدا


لەدوای مردنی کچێک لە وڵاتی میسر بەهۆی خەتەنەکردنەوە، ژنان و پزیشکان لە قاهیرەی پایتەختی ئەم وڵاتە بۆ دەڕبڕینی ناڕەزایی لە دژی ئەو کارە ژمارەیەک خۆپیشاندانیان لەم چەند ڕۆژەی دواییدا ئەنجامدا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2008 خەتەنەکردن بەشێوەیەکی فەرمی قەدەغەکراوە.

ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی میسری بۆ دەڕبڕینی ناڕەزایی دژی خەتەنەکردن ڕژانە سەر شەقامەکانی قاهیرە، میسر بەرزترین ڕێژەی خەتەنەکردنی لە جیهاندا تۆمارکردوە.

خۆپیشاندانەکان لەدوای ئەوە دەستیانپێکرد کە (نەدا حەسەن عەبدولمەقسود) تەمەن 12 ساڵ، لە شاری ئەسیوتی میسر بە هۆی خەتەنەکردنەوە گیانی لەدەستدا. باوک و مامی کچەکە و ئەو کەسەی کارەکەی کردووە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ دەستگیرکران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرا.

لە ساڵی 2003 وە تاکو ئێستا بەلایەنی کەم 6 کچی میسری بەهۆی خەتەنەکردنەوە گیانیان لەدەستداوە.

نەوال سەعداوی نووسەر و کۆمەڵناس لە میانەی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی ژناندا سەرکۆنەی ئەو کارەی کرد و دەڵێت: " خەتەنەکردنی کچان لە ڕووی پزیشکی، کۆمەڵایەتی و دەروونییەوە کارەساتە و لێکردنەوەی بەشێک لە جەستە بە بیانووی ئەخلاقییەوە کارێکی ساختە و فریودانە و جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کە تەنانەت لە سعودیە کە کرۆکی ئیسلامە شتی لەو چەشنە ناکرێت"

دکتۆر جۆرج ناشێد سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی میسر بە میدیاکانی ڕادەگەیاند کە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2008 وە خەتەنەکردن قەدەغەکراوە بەڵام هەر بەردەوامە.

ئەو دەڵێت" لە ئێستادا یاسای میسر ئەم کارەی قەدەغەکردووە و تەنانەت گەر وەک کردارێکی ئایینیش نەبێت وەک نەریتێکی کۆمەڵایەتی هەر بەردەوامە." دەشڵێت " ئەو کارە لە قاهیرە زۆر ئەنجام نادرێت بەڵام لە پارێزگاکان و گوندەکان دەکرێت"

ژنێک لە پارێزگای شەرقیەیی باکوری قاهیرە گوتی کە خەتەنەکردن کردارێکی ئیسلامییە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی بۆ پشت ڕاست کردنەوەی قسەکانی نەخستە ڕوو.

ئەو دەڵێت" داپیرو دایک و هەموو ژنەکان خەتەنەکراون و ئەمە نەریتێکە". مێردەکەشی دەڵێت کە چوار کچی هەیە و هەموویان خەتەنەکراون و بە وتەی ئەو ئەمە " کارێکی دروستە."

حاتەم ئەل گاماس کە کتێبێکی لە بارەی خەتەنکردنی ژنانەوە نووسیوە دەڵێت کە لە 2012 بۆ 2013 کە ئیخوانەکان لە دەسەڵاتدا بوون، توندڕەوە ئاینییەکان لە پەرلەمانی میسردا تەنانەت دەیانویست کە یاسای قەدەغەکردنی خەتەنە پووچەڵ بکەنەوە.

زیاتر لە %87 ژنانی میسری کە تەمەنیان لە نێوان 14 بۆ 49 ساڵیدایە خەتەنە دەکرێن، ڕێژەکە لە سوودان زیاترە، بەڵام بە پێچەوانەوە لە یەمەن تەنیا لە 18% و لە عێراق 7% .

گرووپێک لە پزیشکە ژنەکان، بە تایبەت دکتۆر سوهیر ڕۆژێکی تەواو لە وێستگەی مێترۆی قاهیرە دەمێننەوە تا خەڵک لە مەترسییەکانی خەتەنەکردن هۆشیار بکەنەوە.

ئەو دەڵێت" ئەو ژنانەی کە خەتەنەکراون لە کاتی ئەنجامدانی پەیوەندییە تایبەتییەکاندا هەست بە ئازار دەکەن. "

XS
SM
MD
LG