Accessibility links

میسریـیەکان دەنگ دەدەن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیاندا


میسریـیەکان لە ئەمڕۆ دووشەممەوە دەتوانن بەرەو بنکەکانی دەنگدان بەڕێبکەون بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، ئەوەی پـێشبینی دەکرێت عەبدولفەتاح ئەلسیسی جارێکی دیکە بە سەرۆکی وڵاتەکە هەڵببژێردرێتەوە.

پـرۆسەی دەنگدانەکە بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و بنکەکان لە کاژمێر 9 ی بەیانی هەتا 9 ی شەو بە کاتی خۆجێی میسر کراوە دەبن.

بەپـێی دەستەی نیشتمانی بۆ هەڵبژاردنەکانی میسر لە کۆی نزیکەی 100 ملیۆن لە دانیشتوانی وڵاتەکە نزیکەی 59 ملیۆن مافی دەنگدانیان هەیە و بۆ ئەم مەبەستە زیاتر لە 13 هەزار لیژنەی دەنگدان دامەزراوە.

تەلەفیزیۆنی فەرمی میسر ڤیدیۆیەکی پەخش کرد کە تیایدا عەبدولفەتاح ئەلسیسی دەنگی خۆی دەدا لە بنکەیەکی دەنگدان لە خوێندنگەیەکی ناوچەی میسر ئەلجەدیدە لە قاهیرەی پایتەخت.

هاوکات هێزێکی زۆری لەشکر و پـۆلیس لە دەوروبەری بنکەکانی دەنگدان لە سەرانسەری وڵاتەکە بڵاوبوونەتەوە پاش ئەوەی داعش هەڕەشەی کردووە هەموو شوێنەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەکان و هەروەها گەشتیاران لە تەواوی میسر بکاتە ئامانج.

جگە لە عەبدولفەتاح ئەلسیسی تەنیا یەک کاندیدی دیکە هەیە، ئەویش موسا مستەفا موسایە کە سەرۆکی پارتی غەدە و سیاسەتمەدارێکی زۆر ناسراو نیـیە. شارەزایانی سیاسی میسر دەڵێن موسا مستەفا لەو ئاستەدا نیـیە ببێتە ڕکابەری ڕاستەقینەی سیسی.

XS
SM
MD
LG