Accessibility links

کاربەدەسـتان: پـێدەچێت ئەوەی فڕۆکە میسریـیەکەی ڕفاندبوو باری دەروونی تەواو نەبێت


کاربەدەسـتانی قوبرس ڕایانگەیاند مەسەلەی ڕفاندنی فڕۆکە میسریـیەکە کۆتایی پـێهات پاش ئەوەی ئەو کەسەی ڕفاندبووی خۆی ڕادەسـتی هێزەکانی ئاسایش کرد.

کاربەدەسـتان لە وەزارەتی دەرەوەی قوبرس گوتیان پـێدەچێت ئەو کەسە باری دەروونی تەواو نەبێت. دەڵێن داوای مافی پەنابەری کردووە لە وڵاتێـکی دیکە و هەروەها چاوی بکەوێت بەو ژنە قوبرسیـیەی لێی جیابووەتەوە.

شەریف فەتحی وەزیری هاتوچۆی فڕۆکەوانی مەدەنی میسر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی هەموو سەرنشینەکان لەگەڵ تاقمی فڕۆکەکە سەلامەتن. گوتیشی ناتوانن بڵێن کارێکی تێرۆرستی بووە.

جێی ئاماژەیە فڕۆکەکە (ئێرباس 320) بە 81 سەرنشینەوە لە ئسکەندەریـیەوە بەرەو قاهیرەی پایتەخت بەڕێکەوتبوو، بەڵام پاش کەمێـک لە هەستانی فڕۆکەکە یەکێـک لە سەرنشینەکان خۆی نیشانداوە گوایە هێلەکێـکی بۆمبڕێژکراوی لەبەردایە و هەڕەشەی تەقاندنەوەی فڕۆکەکەی کردووە ئەگەربێت و بەرەو لارنکای قوبرس بەڕێ نەکەوێت.

لە نێو سەرنشینەکان 21 کەسی بیانی هەبوون، لەوانە 8 ئەمەریکایی، 4 بەریتانی، 4 هۆڵەندی، 2 بەلجیکی، 1 فەڕەنسی، 1 ئیتالیا، 1 سوری.

ئەم ڕووداوە هەرچەندە هەوڵێـکی تێرۆرستی نەبووە، بەڵام کاردانەوەی خراپی دەبێت بەسەر کەرتی گەشتیاری لە میسر کە سەرچاوەیەکی سەرەکیـیە بۆ داهاتی ئەو وڵاتە.

XS
SM
MD
LG