مه‌سیحیـیه‌کانی میسر بۆ نوێژکردنی ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه له کڵێسـایه‌کی قبتیـیهکان کۆبوونه‌وه ڕۆژێـک پاش ئه‌وه‌ی هێرشێـکی خۆکوژی بووه هۆی کوژرانی 21 که‌س.
سه‌رۆکی میسر حوسنی موباره‌ک ده‌ڵێت مه‌سیحیـیه‌کان و موسڵـمانهکان نابێت به‌هۆی ئه‌و کرداره تێرۆریسـتیـیهوه دابه‌ش بـبن.
به‌ڕێز موباره‌ک گوتی هێرشه‌که‌ی شـاری به‌نده‌ری ئه‌سکه‌نده‌ریـیه کارێـک بووه ده‌سـتی بیانی تێدا بووه و به‌ڵێنی دا به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا سه‌ربکه‌ون که له دژی ئاسایشی میسر پـیلان داده‌نێن. داواشی له میسریـیه‌کان کرد خۆیان له جیاوازی ئاینی دوربگرن.
هه‌روه‌ها سه‌رۆکی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکاش باراک ئۆباما ئیدانه‌ی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ی کردووه.
کاربه‌ده‌سـتانی میسر له سه‌ره‌تادا گوتیان ته‌قینه‌وه‌که ئۆتۆمبیلێـک بووه، به‌ڵام دواتر گوتیان هێرشێـکی خۆکوژی بووه که له لایه‌ن که‌سێـکی خۆکوژه‌وه ئه‌نجام دراوه و بووه‌ته هۆی برینداربوونی نزیکه‌ی 80 که‌سی دیکه.
گه‌واهده‌ران ده‌ڵێن کریسچیانه قبتیـیه توڕه‌کان له پاش ته‌قینه‌وه‌که هه‌وڵیان دا هێرش بکه‌نه سه‌ر مزگه‌وتێـک له لای کڵێسـاکهوه و شه‌ڕ ڕوویداوه و زیانیش هه‌بووه.