دوو پارێزەری میسڕیی کە نوێنەرایەتی ژمارەیەک لە چالاکەوان و ڕۆژنامەنووسی دیاری وڵاتەکە دەکەن وتیان بەرپرسانی میسڕ ڕۆژی یەکشەممە چالاکەوان و ڕۆژنامەنووسەکانیان ئازاد کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند مانگێک بە تۆمەتی چوونە پاڵ گروپە تیرۆریستیەکان یاخود یارمەتیدانیان و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە دەستبەسەر کرابوون.
لەم مانگانەی دواییدا بەرپرسانی میسڕ بەر لە پشووە گرنگە ئاینییەکانژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوانیان ئازاد کردووە، ئەمەی ئێستاش دوو ڕۆژ پێش جەژنی قوربان دێت.
ئەحمەد ڕاغبی پارێزەری چالاکەوانی میسڕی ئیسرا عەبدولفەتاح وتی بەرپرسانی میسڕ بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ئیسرایان ئازاد کردووە، ئەوەش دوای 21 مانگ لە دەستگیرکردنی.
جێی ئاماژەیە ئیسرا سەر بە ڕێکخراوێکی شۆڕشەکەی ساڵی 2011 ی میسڕە کە بووە هۆی کۆتایی هێنان بە فەرمانڕەوایی سەرۆکی پێشووتری میسڕ حوسنی موبارەک کە بۆ ماوەی 30 ساڵ دەسەڵاتەکەی بەردەوام بوو.
ڕاغب وتی " قسەم لەگەڵدا کردووە و زۆر باشە، باری دەروونی باشە و دڵنیام لەوەی دڵخۆشە بەم بڕیارە." ئاماژەشی بەوەدا دۆسییەکەی هێشتا کراوەیە و سەرەڕای ئازادکردنی هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
سەرچاوەیەکی دادوەری میسڕ و پارێزەری چالاکەوان ماهینۆر میسڕی و ڕۆژنامەنووس موعتەز وەدنان و نوسەری چەپ جەمال جومەل و کەسایەتی سیاسی عەبدولناسر ئیسماعیل و ڕۆژنامەنووس مستەفا ئەعسەر وتیان ئازاد کراون، پارێزەرەکە وتیشی هێشتا ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراوە پشتڕاست نەکراونەتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز