Accessibility links

وەزیری بەرگری یۆنان: فڕۆکە میسریـیەکە دوو جار ئاڕاستەکەی گۆڕیوە بەر لەوەی دیار نەمێنێت


وەزیری بەرگری یۆنان دەڵێت ئەو فڕۆکەیەی هێڵی ئاسمانی میسر، ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پـێنجشەممە لەسەر دەریای ناوەڕاست دیارنەما، دوو جار ئاڕاستەکەی گۆڕیوە بەر لەوەی دیارنەمێنێت.

پانۆس کەمێنۆس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی فڕۆکەکە سەرەتا 90 پـلە بە دیوی چەپ ئاڕاستەکەی گۆڕیوە و پاشان 360 پـلە بە دیوی ڕاست خولاوەتەوە و دواتر لە بەرزایی 37 هەزار پـێ بۆ 15 هەزار پـێ نزمبووەتەوە، بەڵام کاتێک بۆ بەرزایی 10 هەزار پێ هاتووەتە خوارێ لەسەر ڕادار دیارنەماوە.

فڕۆکەکە لە جۆری ئێرباس A320 بوو و 66 کەسی تێدا بوو، ( 30 میسری، 15 فەڕەنسی، 2 عێراقی، 1 کەنەدی، 1 بەریتانی، 1 بەلجیکی، 1 کوەیتی، 1 سعودی، 1 سودانی، 1 چادی، 1 پرتوگالی، 1 جەزائیری) هەروەها 7 تاقمی فڕۆکەکە و 3 ئەندامی ئاسایش.

هێڵی ئاسمانی میسر دەڵێت ژمارەی گەشتەکە 804 بوو و فڕۆکەکە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنساوە بەرەو قاهیرەی پایتەخت دەهات و لە کاژمێر 2:45 ی بەرەبەیاندا بە کاتی خۆجێی دیارنەماوە.

هەریەک لە یۆنان و میسر فڕۆکە و کەشتیـیان بۆ ناوچەکە ڕەوانەکردووە و هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ ئاسەوارێـکی فڕۆکەکە نەدۆزراوەتەوە، دەڵێن پـێویستە لە ناوچەیەکی زۆر فراواندا بە دوایدا بگەڕێن.

حکومەتی فەڕەنسا کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی ئەنجامدا بۆ تاووتوێکردنی ڕووداوەکە و پاشان ئامادەیی وڵاتەکەیان دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە گەڕان بە دوای فڕۆکەکەدا.

فڕانسوا ئۆلاند سەرۆکی فەڕەنسا لە وتارێکیدا لەسەر تەلەفیزیۆن گوتی فڕۆکەکە لەسەر دەریای ناوەڕاست کەوتووەتە خوارێ و هیچ هۆکارێک بە دور نازانن.

XS
SM
MD
LG