Accessibility links

پۆلیسی میسر گازی فرمێسک ڕێژ دژ به‌ خۆپیشانده‌ران له‌ قاهیره‌ به‌کارده‌هێنێت


پۆلیسی میسر گازی فرمێسک ڕێژ دژ به‌ خۆپیشانده‌ران له‌ قاهیره‌ به‌کارده‌هێنێت
پۆلیسی میسر گازی فرمێسک ڕێژ دژ به‌ خۆپیشانده‌ران له‌ قاهیره‌ به‌کارده‌هێنێت

بۆ دووه‌م ڕۆژه‌ پۆلیسی میسر گازی فرمێسک ڕێژ دژ به‌ هه‌زاران خۆپیشانده‌ری دژه‌ حکومه‌ت بکارده‌هێنێت، خۆپیشانده‌ران هه‌وڵ‌ده‌ده‌ن کامپـێکی ناڕه‌زایی دابمه‌زرێنن له‌ قاهیره‌ بۆ فشاردانان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی له‌شـکری و داواده‌که‌ن چاکسازی دیموکراتی ده‌ستبه‌جێ ئه‌نجام بدرێت.

په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له‌ قاهیره‌ ده‌ڵێت ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ خۆپیشانده‌ران له‌ قاهیره ڕژانه‌ گۆڕه‌پانی ( ته‌حریر) ، پۆلیس گازی فرمێسک ڕێژی به‌رهه‌می ئه‌مه‌ریکای به‌کارهێنا بۆ بڵاوه‌پێکردنیان، به‌ڵام چه‌ند هه‌زار خۆپیشانده‌رێكی دژ به‌ حکومه‌ت بۆ کۆنترۆڵکردنی گۆڕه‌پانه‌که‌ مانه‌وه‌، هه‌ندێک ده‌واریان هه‌ڵده‌دا‌ و هه‌ندێـک داروپه‌ردویان بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ شه‌قامه‌کان داده‌نا.

چالاکوانه‌کانی دژ به‌ حکومه‌ت هه‌وڵیان دا ڕێپێوانێکی ڕێکخراوتر به‌ره‌و گۆڕه‌پانه‌که‌ ئه‌نجامبده‌ن، به‌ڵام پۆلیس ڕێگری لێ‌کردن.

ڕۆژێک پێشتر بۆ کاتێکی که‌م پۆلیس به‌ به‌کارهێنانی گولـله‌ی لاستیکی و گازی فرمێسک ڕێژ و لێدانی دار توانی گۆڕه‌پانی ته‌حریر له‌ خۆپیشانده‌ران چۆڵ بکات‌، له‌ کاتێکدا هه‌ندێک خۆپیشانده‌ر به‌ به‌رد و خشت و پارچه‌ کۆنکرێتی که‌ له‌ شۆسته‌ی شه‌قامه‌کان لێیانده‌کرده‌وه‌ به‌رپه‌رچی پۆلیسیان دایه‌وه‌ و ئاگریان له‌ ئۆتۆمبێلێـکی پۆلیس به‌ردا.

به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی میسر ده‌ڵێن خۆپیشانده‌رێکی ته‌مه‌ن 23 ساڵ پاش بریندابوونی به‌ گولـله‌ گیانی له‌ده‌ستدا و 676 که‌سی ‌دیکه له‌ نێوانیاندا پۆلیس و ڕۆژنامه‌وان برینداربوون. هه‌ندێکیش به‌هۆی گولـله‌ی لاستیکی‌ چاویان برینداربووبوو چاره‌سه‌ریان بۆ کراوه‌.

له‌ دره‌نگانێکی ئێواره‌ی شه‌ممه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی هه‌زاران خۆپیشانده‌ر ڕژانه‌ ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ی‌ گرنگی هه‌بوو له‌ ڕاپه‌ڕینی 18 ڕۆژه‌که‌ی بووه‌ هۆی ڕووخاندنی سه‌رۆکی میسر ( حوسنی موباره‌ک)‌ پۆلیس پاشه‌کشه‌ی کرد .

هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ هیچ هیزێکی سه‌ربازی له‌وێ نه‌بینراوه‌.

ڕۆژی شه‌ممه‌ پۆلیسی میسر هه‌ڵمه‌تێکی کرده‌ سه‌ر خۆپیشاندانه‌کانی دژ به‌ حکومه‌ت له‌ هه‌ردوو شاری ئه‌سکه‌نده‌ریه‌ و سوێس. ده‌سه‌ڵات ده‌ڵێت له‌ ئه‌سکه‌نده‌ریـیه‌ خۆپیشانده‌رێک کوژراوه‌.

XS
SM
MD
LG