کاربه‌ده‌سـتانی میسری ده‌ڵێن ڕۆژی سێشه‌ممه به لانی که‌م یه‌ک که‌سی دیکه ئاگری له‌خۆی به‌رداوه بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر حکومه‌ت، ئه‌مه‌ش پـێده‌چێت لاسـایی کردنه‌وه‌یه‌ک بێـت بۆ ئاگر له‌خۆبه‌ردانه‌که‌ی ئه‌و تونسیـیه‌ی که بووه مایه‌ی هه‌ڵـهاتنی سه‌رۆکی وڵاته‌که‌یان.
کاربه‌ده‌سـتانی میسری ده‌ڵێن له قاهیره‌ی پایته‌خت پـیاوێـک له به‌رده‌م په‌رله‌مان ئاگری له‌خۆی به‌رداوه، هاوکات له شـاری ئه‌سـکه‌نده‌ریه‌ش پـیاوێـکی دیکه به هه‌مان شێوه. به‌پـێی هه‌واڵه‌کان له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌که خه‌ڵـکی فریایان که‌وتوون و ئاگره‌کانیان لێ کوژانونه‌ته‌وه.
ئه‌م دیارده‌ی خۆسووتاندنه که میسر و جه‌زائیر و مۆریتانیای گرتۆته‌وه پـێده‌چێت لاسایی کردنه‌وه‌یه‌ک بێت بۆ ئه‌و تونسیـیه ته‌مه‌ن 26 سـاڵه‌ی که زانکۆی ته‌واوکردبوو و بێـکاربوو و له مانگی ڕابردوو ئاگری له خۆی به‌ردا پاش ئه‌وه‌ی کاربه‌ده‌سـتان ده‌سـتیان به‌سه‌ر ئه‌و کاڵایانه گرت که له‌سه‌ر شه‌قامه‌کاندا ده‌یفرۆشت.
خۆسـووتاندنی ئه‌و تونسـیـیه بووه مایه‌ی هه‌ڵـگیرسـاندنی خۆپـیشـاندانی گه‌وره له تونس له به‌رامبه‌ر نرخی به‌رزی خۆراک و زۆرداری حکومه‌تی وڵاته‌که. سه‌رئه‌نجام سه‌رۆکی تونس زه‌ین ئه‌لعابدین بن عه‌لی ڕۆژی هه‌ینی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌که‌ی هه‌ڵهات.