Accessibility links

لە ماوەی 24 کاژمێر 10 بومەلەرزەی هێز مامناوەند لە ئێران و عێراق ڕوویانداوە


لە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممەوە هەتا پـێش نێوەڕۆی ئەمڕۆ پـێنجشەممە 10 بومەلەرزەی هێز مامناوەند لە ئێران و عێراقی داوە.

بەپـێی ماڵپەڕی ئاژانسی جیۆلۆجی ئەمەریکا بۆ چاودێری بومەلەرزە لە جیهاندا، یەکەم بومەلەرزە لە دەوری کاژمێر 7:30 ی ئێوارەی چوارشەممە بە کاتی ئێران بووە و لە باشوری شاری ڕەوانسەری داوە بە گوڕی 4.6 پلە بە پـێوەری ڕێختەر و لە قوڵایی 10 کیلۆمەتر.

پاشان لە دەوری 7 ی بەیانی ئەمڕۆ بە کاتی خۆجێی بومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 4.9 لە ناوچەیەکی دا کە نزیکەی 55 کیلۆمەتر لە باکوری شاری کرمانەوە دورە، لەوێش لە قوڵایی 10 کیلۆمەتر بووە.

بە دوایدا لە کاژمێر 10:30 ی بەیانی بە کاتی خۆجێی هەتا ماوەی یەک کاژمێر 6 بومەلەرزەی دیکە هەر لە ناو ئێراندا ڕوویان دا، لەوانە پـێنجیان نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە باشوری شاری سوماری نزیک سنووری عێراقەوە دوربوون. بەهێزترینیان گوڕەکەی 5.5 پلە بووە.

هاوکات لە ناو عێراقیش دوو بومەلەرزە بە گوڕی 4.3 پلە و لە قوڵایی 10 کیلۆمەتر لە باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری مەندەلی دا.

بەپـێی ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران و عێراق لە پاش ئەم بومەلەرزانە دەیان بومەلەرزەی سووک ڕوویانداوە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ ڕاپـۆرتێک لە بارەی زیانەکانی ئاکامی ئەم بومەلەرزانە بڵاونەکراونەتەوە.

XS
SM
MD
LG