Accessibility links

دوا ئاماری زیانی گیانی ئاکامی بومەلەرزەکەی نزیک تورکیا


بینایەکی شاری ئزمیر

بەپـێی دوا ئاماری زیانە گیانیـیەکانی ئاکامی بومەلەرزە بەهێزەکەی ئەمڕۆ هەینی کە لە دەریای ئیجە لە نزیک تورکیا و دورگەیەکی یۆنانی ڕووی دا، بە لایەنی کەم 12 کەس لە تورکیا و 2 کەس لە یۆنان گیانیان لەدەستداوە.

کاربەدەستانی یۆنان دەڵێن 2 کەسەکە دوو خوێندکاری دورگەی سامۆس بوون (15 ساڵ و 17 ساڵ) کاتێک لە کاتژمێر 1:51 ی پاش نیوەڕۆ لە قوتابخانەوە بەرەو ماڵەوە دەگەڕانەوە، بومەلەرزەکە ڕوویداوە و دیوارێکی ڕووخاندووە و کەوتووە بەسەریاندا. هەروەها کچێکی 14 ساڵ بە قورسی برینداربووە و بە فڕۆکە بەرەو ئەسینای پایتەخت براوە.

لە تورکیاش، وەک کاربەدەستانی ئەو وڵاتە دەڵێن جگە لەو 12 کەسەی گیانیان لەدەستداوە، 419 کەسی دیکەش برینداربوون.

هەروەها زیانی ماددیشی لێکەوتووەتەوە و چەندان بینای لە تورکیا و دورگەکەی یۆنان ڕووخاندووە.

بەپـێی دەزگای چاودێری جیۆلۆجی ئەمەریکا چەقی بۆمەلەرزەکە لە ناوچەیەک بووە کە نزیکەی 15 کیلۆمەتر لە دورگەی سامۆسی یۆنان و 65 کیلۆمەتر لە شاری ئزمیری تورکیاوە دورە. دەشڵێت هێزەکەی 7 پـلە بووە بە پـێوەری ڕێختەر. سێ بومەلەرزەی دیکەش هەر لەو ناوچەیە بە دوایدا ڕوویانداوە. بەهێزەکەیان 5.2 پـلە بووە.

بومەلەرزەکەی یەکەم هێندە بەهێزبووە لە ئەنکەرە و ئستەنبوڵ و قوبرس و تەواوی یۆنان و بولگاریا و مەکەدۆنیا و باشوری ڕۆمانیا هەستی پـێکراوە.

شارەزایانی جیۆلۆجی دەڵێن ڕەنگە بۆ ماوەی دوو هەفتەی دیکە بومەلەرزەی سووکجارجار لەو ناوچەیە ڕووبدەن.

XS
SM
MD
LG