Accessibility links

بومەلەرزەیەکی بەهێزی لە نزیک کەنارەکانی مەکسیک و گواتیمالا دەدات

  • VOA News

بومەلەرزەیەکی بەهێز لە نزیک کەنارەکانی باشوری مەکسیک و باشوری گواتیمالای داوە و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 15 کەس گیانیان لەدەستداوە و شەپـۆلی سونامی دورستکردووە.

بەپـێی دەزگای جیۆلۆجی ئەمەریکا بۆ چاوێری بومەلەرزە شەوی پـێنجشەممە لە کاژمێر 11:49 بە کاتی خۆجێی بۆمەلەرزەیەک بە گوڕی 8.1 بە پـێوەری ڕێختەر لە ئاوەکانی باشوری ڕۆژئاوای مەکسیکی داوە لە قوڵایی 69 کیلۆمەتر و لە دوری 75 کیلۆمەتر لە شارۆچکەی پـیـیئابان.

لە پاش بومەلەرزە بەهێزەکە 25 بۆمەلەرزەی بچوک لەو ناوچەیە ڕوویانداوە کە هێزیەکانیان لە نێوان 4 بۆ 5 پەلە بە پێوەری ڕێختەر.

بەهێزی بومەلەرزەکە وەهای کردووە زیان بە ناوچە کەناریـیەکانی مەکسیک و گواتیمالا بگەیەنێت و تەنانەت لە مەکسیکۆ سیتی پایتەخت کە زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر لە شوێنی بومەلەرزەکەوە دورە، خەڵکێکی زۆر ماڵ و ئەپارتمانەکانیان بەو شەوە جێهێشتووە و هەتا بەیانی لەسەر شەقامەکان ماونەتەوە.

بەهۆی بومەلەرزەکە چەندان ناوچەی مەکسیک وزەی کارەبایان لێبڕاوە، لەوانە ژمارەیەک نەخۆشخانە. فەرمانڕەوای هەرێمی تاباسکۆ ڕایگەیاند لە ئەنجامی بڕانی وزەی کارەبا لە نەخۆشخانەیەک منداڵێک کە لە ژێر ئامێری هەناسەدان بووە گیانی لەدەستداوە.

هەروەها لە هەریەک لە مەکسیک و گواتیمالا و سلڤادۆر و هندۆراس و نیگاراگوا و کۆستاریکا و پەنەما و کۆلۆمبیا و ئێکوادۆر خەڵکی ناوچە کەناریـیەکان لە ڕوودانی شەپـۆلی سونامی ئاگادارکراونەتەوە.

بەپـێی دەزگای پاسفیک بۆ چاودێری سونامی، لە کەنارەکانی شارۆچکەی سەلینا کروزی مەکسیک ئاستی ئاو یەک مەتر بەرزبووەتەوە و پـێشبینی دەکرێت لە کەنارەکانی وڵاتانی دراوسێی مەکسیک ئاو بەرزببێتەوە، بەڵام بە ئاستێکی کەمتر.

XS
SM
MD
LG