Accessibility links

بومەلەرزە بەهێزەکەی ژاپـۆن گیان لەدەستدانی 3 کەسی لێدەکەوێتەوە


کاربەدەستان و میدیاکانی ژاپـۆن دەڵێن لە ئاکامی ئەو بومەلەرزە بەهێزەی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە شاری ئۆساکای ناوەندی وڵاتەکەی داوە، 3 کەس گیانیان لەدەستداوە و بە لایەنی کەم 234 کەسی دیکە برینداربوون.

بەپـێی ئاژانسی چاودێری کەش‌وهەوا و بومەلەرزەی ژاپـۆن، نزیکەی 8 ی بەیانی بومەلەرزەکە بە گوڕی 6.1 پـلە بە پـێوەری ڕێختەر و لە قوڵایی 13 کیلۆمەتر لە ناوچەیەکی باکوری شاری ئۆساکای داوە.

کەناڵی NHK ی ژاپـۆنی گوتی کچێکی تەمەن 9 ساڵ و دوو پـیاو کە تەمنیان لە هەشتاکاندایە گیانیان لە دەستداوە.

جگە لە زیانە گیانیـیەکان، زیانی ماددیشی هەبووە و هێڵەکانی ئاو لە چەند ناوچەیەک شکاون و ئاگر لە چەندان ماڵ کەوتوونەتەوە و وزەی کارەبا لە زیاتر لە 170 هەزار ماڵ بڕابوون بەڵام لە ماوەی 2 کاژمێردا کارەبایان بۆ گەڕایەوە. هەروەها چەندان کۆمپانیا کاریان لە ژمارەیەک کارگەیان ڕاگرت، لەوانە پاناسۆنیک کە بارەگاکەی لە ئۆساکایە، دەڵێت کاری لە سێ کارگەی ڕاگرتووە.

بەڵام هەردوو کۆمپانیای هۆندا و میتسۆبیشی دەڵێن دەستیانکردووەتەوە بە کارکردن لە کارەگەکانیان پاش ئەوەی دڵنیابوون لە سەلامەتی کارکردن تیایاندا.

جێی ئاماژەیە ئۆساکا دووەم گەورەترین شاری ژاپـۆنە و مێژووەکەی دێرینی هەیە و لە ئێستادا ناوەندی چەند کۆمپانیای پـیشەسازی ژاپـۆنە.

XS
SM
MD
LG