کەشتیەکی بارهەڵگر لە یەکێک لە گەورەترین بەندەرەکانی جیهاندا لە دوبەی تەقییەوە و شارەکەی هەژاند.
تەقینەوەکە لە بەندەری جەبەل عەلی ڕوویدا و دوکەڵێکی زۆری پرتەقاڵی لێوە بەرزبۆوە، بەندەرەکە قەرەباڵغترین بەندەرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی نیمچە دوورگەی عەرەبیەوە.
تەقینەوەکە سەرانسەری شارەکەی هەژاندووە، شەپۆلی لەرینەوەکە لە دووری 25 کیلۆمەترەوە هەستی پێکراوە و دیوار و پەنجەرەکانی شوێنەکانی نزیک لە بەندەرەکەی هەژاندووە.
تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێک نەبووە لەسەر کەوتنەوەی زیانی گیانی لە بەندەرەکەدا.
نزیکەی دوو کاتژمێر دوای تەقینەوەکە تیمەکانی بەرگری مەدەنی دوبەی وتیان ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە و دەستیان کردووە بە " پڕۆسەی سارکردنەوە." بەرپرسان گرتە ڤیدیۆی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکردۆتەوە کە تیایدا خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.
سەرچاوە/ فرانس پرێس