Accessibility links

ڕاپـۆرتێک: زیاتر لە 41 ملیۆن حاڵەتی ئاوارەی ناوخۆ لە جیهاندا هەن


ناوەندێکی سەر بە ڕێکخراوێکی نەرویژی کە گرنگی بە خەڵکی ئاوارە لە جیهاندا دەدات دەڵێت لە ئێستادا زیاتر لە 41 ملیۆن کەس لە جیهاندا لە نێو وڵاتەکانی خۆیاندا ئاوارەبوون بەهۆی شەڕ و کارەساتی سروشتی.

سەنتەری چاودێری ئاوارەی ناوخۆ IDMCکە سەر بە ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویژە، ئەمڕۆ هەینی ڕاپـۆرتێکی 159 لاپەڕیی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی لە ساڵی 2018 لە 148 وڵاتی جیهاندا 28 ملیۆن حاڵەتی ئاوارەبوونی ناوخۆ ڕوویانداوە، لەوانە 17.2 ملیۆن حاڵەتیان بەهۆی کارەساتی سروشتیـیەوە بووە. تێبینی ئەوە دەدات ژمارەکان مانای ئەوە نیـیە ئەوەندە کەس ئاوارەبوون، چونکە خەڵکێکی زۆر هەن چەندان جار لە ناو وڵاتەکانیاندا ئاوارەبوونەتەوە.

بەپـێی ڕاپـۆرتەکە لە ماوەی ئەو ساڵەدا لە سوریا ملیۆنێک و 649 هەزار حاڵەتی ئاوارەی ناوخۆی بەهۆی شەڕەوە هەبووە و 27 هەزار حاڵەتیش بەهۆی کارەستاتی سروشتیـیەوە. لە عێراقیش 150 هەزار حاڵەتی ئاوارە لە ئاکامی شەڕ و توندوتیژی و 69 هەزار حاڵەتیش بەهۆی کارەساتی سروشتی.

ڕاپـۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەثیوپـیا دەکات کە لە ساڵی 2018 زۆرترین حاڵەتی ئاوارەی ناوخۆی هەبووە بەهۆی شەڕەوە و گەیشتووەتە 2.9 ملیۆن حاڵەت. فلپـینیش زۆرترین حاڵەتی ئاوارەی لە ئەنجامی کارەساتی سروشتی و خراپی کەش‌وهەوا هەبووە و لە 3.8 ملیۆن حاڵەت زیاتربووە.

جێی ئاماژەیە ئەم ناوەندە تەنیا ئامار دەدات سەبارەت بە حاڵەتەکانی ئاوارەی ناوخۆ، بۆیە جگە لەم ئامارانە بە ملیۆنان حاڵەتی ئاوارە و دەربەدەری وڵاتانیش هەن.

XS
SM
MD
LG