عه‌ره‌بى سونه لارى نیه له‌پێدانه‌وه‌ى پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك به‌كورد، به‌ڵام كوتله‌ى توركمانى گرفتى نێوخۆییان هه‌یه و به‌شێكیان داواى پارێزگار و به‌شه‌كه‌ى تریان داواى پۆستى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌ن ده‌كه‌ن.
عه‌لى حسێنى وته‌بێژى حه‌شدى توركمانى ، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"ئێمه وه‌كو كوتله‌ى توركمانى داواى پارێزگارى كه‌ركوك ده‌كه‌ین."
گوتیشى"گه‌ر پارێزگارمان پێنه‌درا، ئه‌وكات ده‌بێت سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگامان پێبدرێت."
له‌كۆى 9 ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا له‌كوتله‌ى توركمانى، 3 ئه‌ندامیان خۆیان بۆ پۆستى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا كاندیدكردووه، له‌كاتێكدا به‌شێكى تریان داواى پۆستى پارێزگار و به‌شێكى تریش داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌ن ده‌كه‌ن.
عه‌ره‌بى سونه‌ش كه پۆستى جێگرى پارێزگارى لایه و ئێستا پارێزگارى كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت به‌رێوه‌ده‌به‌ن، خۆیان به‌په‌راوێزخراو ده‌بینن و ده‌یانه‌وێت له‌مه‌ودوا ئیداره‌ى كه‌ركوك به ته‌وافق و هاوبه‌شى به‌رێوه‌ببرێت.
ئیسماعیل حه‌دیدى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى سیاسى عه‌ره‌بى له‌كه‌ركوك، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"ئێمه وه‌كو عه‌ره‌بى سونه لاریمان نیه له‌پێدانى پۆستى پارێزگار به‌كورد، به‌و مه‌رجه‌مه‌ى شته‌كان به‌ته‌وافق ئه‌نجام بدرێن."
لایه‌نى كوردى كه خاوه‌نى زۆرترین كورسیه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوكه درزى تێكه‌وتووه، یه‌كێتى و چه‌ند لایه‌نێكى تر كار بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى پارێزگار ده‌كه‌ن، به‌ڵام پارتى و چه‌ند ئه‌ندامێكى تر‌ى كوتله‌ى كوردى، له‌ئێستادا ئاماده‌ى گه‌رانه‌وه نین بۆ كۆبونه‌وه‌كانى ئه‌نجومه‌ن.