Accessibility links

بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا: 9 مانگە قوفڵیان لە دەرگای ناحیەکەم داوە و ناهڵن دەوام بکەم


Jalawla
Jalawla

بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولای پارێزگای دیالە، ئاماژەبەوەدەکات نزیکەی 9 مانگە لەلایەن ژمارەیەک چەکداری سەر بە گروپە شیعەکانەوە، دەرگای ناحیەکەی داخراوە، بڕیاری گرتنیان بۆ دەرکردووە و ناهێڵن دەوام بکات، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە، ناحیەی جەلەولای جێهێشتووە و لە هەولێرە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شێخ یەعقوب لهێبی بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا کە سەرۆک عەشیرەتێکی عەرەبی سونەیە و پێشتر لەسەر پشکی کورد پۆستەکەی وەرگرتووە، دەڵێت"ژمارەیەک چەکداری سەربە عەشیرەتی کروی، کە پێشتر داعش بوون و ئێستا چوونەتە ڕیزی هێزە شیعیەکانەوە، سەرقاڵی دروستکردنی خانووی تەجاوز بوون، بەڵام ئێمە لەسەر فەرمانی پارێزگاری دیالە خانووەکانمان ڕووخاندن."

جەختیشیکردەوە"ئەوانیش لەبەرامبەردا، چوونەتە دادگا و سکاڵایان لەسەرم تۆمار کردووە، گوایە لەکاتی باڵادەستبوونی کورددا، خانوەکانم ڕووخاندوون، بۆیە بڕیاری گرتنیان بۆ دەرکردووم."

بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا، ڕوونیشیکردەوە لە ڕۆژی 16/3 ی ئەمساڵەوە، هێزەکانی عەسایب دەرگای ناحیەیان داخستووە و ناهڵێڵن دەوام بکەن، وتی" منیش نوسراوم بۆ پارێزگاری دیالە کرد، کە لەسەر فەرمانی ئەو خانووە تەجاوزەکانم ڕووخاند، لە داخستنی ناحیەکە ئاگادارم کردەوە، بەڵام هیچ هەڵوێستێکی نەبوو."

سەبارەت بەوەی لە ئێستادا کێ وەکو بەڕێوەبەری ناحیە کاروباری دانیشتوانی ناحیەکە بەڕێوەدەبات، شێخ یەعقوب لهێبی، وتی"کەس دەوام ناکات، من داوای مۆڵەتم کردووە، چاوەڕێم بزانم، کێ وەکو وەکیل ڕادەسپێرن."

بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا کە لەئێستادا بڕیاری گرتنی هەیە، ئاماژەی بەوەکرد دەتوانێت بگەڕێتەوە جەلەولا، گەر ڕەوانەی جێگەیەکی نەکەن، کرویەکان تێیدا باڵادەست بن، وتیشی"گەر سکاڵاکەیان حەق بێت، ناترسم و دەچمە دادگا، چونکە من کوڕی یاسام."

شێخ یەعقوب لهێبی کە پێشتر کورد پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولای بۆ وەرگرتبوو، بە پاڵپشتیکردنی کورد و ڕووخانی گەڕەکەکانی تەجنید و شوهەدا تۆمەتباریش دەکرێت، وتی"کورد دەوری نەماوە، کەس بەگوێیان ناکات و کەسیش بایەخیان پێ نادات، بۆیە نە من تەکەلیفم لێکردوون، تا پشتیوانیم بکەن، نە ئەوانیش پەیوەندیان پێوەکردووم."

لە بەشێکی تری گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا، ئەوەشی خستەڕوو کرویەکانی جەلەولا کە ئێستا زۆربەیان چەکداری عەسایبی ئەهلی حەق و بەدرن، فێری پارە وەرگرتن بوون، شکات دەکەن و پارە دەسێنن، وتی"بە مانگێک پێش شکات کردنیان، جوابیان بۆ برایەکم ناردبوو، بە نامەی موبایل، داوای پێنج دەفتەر دۆلاریان کردبوو، بەڵام ئێمە وتمان، نە پارە دەدەین، نە ڕازیش دەبین کەس داوای پارەمان لێبکات، چونکە هیچ هەڵەمان نەکردووە، تا بترسین."

دەربارەی هەڵوێستی لایەنە شیعیەکان، کە کرویەکان لایان چەکدارن، شێخ یەعقوب وتی"هەندێک لەو هێزە شیعیانە، چەکدارە کرویەکانیان ڕاسپاردووە تا بەجۆرەها شێوە پارەیان بۆ کۆبکەنەوە، ئەوان پاڵپشتیانن."

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، شێخ یەعقوب لهێبی بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا، ناوی کۆمەڵێک لەو چەکدارانەی خستەڕوو، کە پێشتر داعش بوون و ئێستا لە ڕیزی هێزەکانی حەشددا باڵادەستن، وتی"یەکێکیان پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی بوو، بەڵام ساڵی 2007 لەلایەن ئەمەریکیەکانەوە بەتۆمەتی ئەندام بوونی لە قاعیدە دەستگیرکراو فەسڵ کرا، بەڵام ئێستا چەک و پاسەوانی لایەنە شیعیەکانیان لایە و دەسەڵاتدارن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:25 0:00


XS
SM
MD
LG