Accessibility links

فەرماندەی لیوای 9 ی پێشمەرگە: هاوپەیمانان 4 لیوای پێشمەرگەیان پڕچەک کردووە، پلان وایە ساڵی داهاتوو لیواکانی تریش پڕ چەک بکەن


فەرماندەی لیوای 9 ی هێزی پێشمەرگە، باس لە گرنگی هاوکاریەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە دەکات، بەو پێیەی پێشمەرگە بووەتە هاوپەیمانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە‌شەڕی داعشدا.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەمید ڕوکن ئاراس عەبدولقادر، دەڵێت"پێشمەرگە پێویستی بە پڕچەک کردن هەیە، بەچەکی سەردەم و پێشکەوتوو، تا بتوانێ، بەرەنگاری شەپۆلی گەورەی تیرۆر ببێتەوە، بە تایبەت شەڕەکە بووەتە شەڕی زانیاری، دیاریکردنی شوێن و پێگەکانی داعش، پێویستی بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو هەیە، هەروەک بۆ بەرگرتنیش بە تەوژمی تیرۆر، پێشمەرگە پێویستی بە مەشق و ڕاهێنانە لەسەر ئەو چەکانەی کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێیدەدات."

تا ئێستا 14 لیوای پێشمەرگە لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا یەکخراونەتەوە، بەڵام هێزەکانی هەفتای سەربەیەکێتی و هەشتای سەربە پارتی یەکنەخراونەتەوە، بۆیە پشتیوانی هاوپەیمانان زیاتر بۆ لیوا یەکخراوەکانەوە، لەو بارەیەوە عەمید ئاراز وتی"پێش 16 ی ئۆکتۆبەر هاوپەیمانان دوو لیوای وەزارەتی پێشمەرگەیان پڕچەککرد، لە ڕۆژانی ڕابردووشدا، لیوای 14 و 16 بەهەمانشێوە تەجهیز کران و یەکخرانەوە، بەرنامەکە وایە، ساڵی داهاتوو لیواکانی تریش پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکرێت، تا بچنە ناو ئەو شێوازە تەجهیز و تەسلیحەوە، کە ئەمەریکا پێیبەخشیون."

فەرماندەی لیوای 9 ی پێشمەرگە، ڕوونیکردەوە ئامانجی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە پڕچەککردنی پێشمەرگە، ئەوەیە تا بۆ شەڕی تیرۆر ئامادەبین، چونکە شەڕگەکە لێرەیە، شەڕ و بەرپرسیارێتی ڕووبەڕووی پێشمەرگە دەبێتەوە، وتی"ئەمەریکا گرنگی ناوچەکە دەزانێ، بۆیە دەعمی ئەو هێزە دەکات کەشەڕ دەکات، ئەویش پێشمەرگەیە."

سەبارەت بە خواستی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە و دەرهێنانی ئەو هێزە لە بن دەستی حیزبەکان، عەمید ئاراس عەبدولقادر فەرماندەی لیوای 9 ی پێشمەرگە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئەو خواستە دەبێت لەناو کوردەکان خۆشمان هەبێت، هاوپەیمانان پشتیوانیمان دەکەن، دەبێت ئێمەش لەگەڵ گۆڕانی سەردەم و ئەو دۆخە تازەی دێتە پێشەوە جێ نەمێنین، پێویستە خواستی یەکخستنەوە و یەکڕیزی پێشمەرگە لە ناخی کوردیش هەبێت، ئەوان پشتیوانن بۆ ئەو یەکخستنەوەیە، دەبێت خۆشمان هەوڵ بدەین، ئەم هێزانە بەیەک ئاراستە و یەک قیادە کۆ بکەینەوە."

هەوڵەکانی هاوپەیمانان بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە و پڕچەک کردنی بەو ئاراستەیە، تا ئەو هێزانە لە هێزی پەرتەوازەی سەربە حیزبەکانەوە، بکرێن بەهێزی نیشتیمانی و ڕێکخراو، تا توانای بەرەنگاربوونەوەی مەترسیەکانی هەبێت.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:04:37 0:00


XS
SM
MD
LG