Accessibility links

ئەرجەنتین لە ماتەمینی گشتیدایە بەهۆی کۆچی دوایی مارادۆنا


سەرۆکی ئەرجەنیتن سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە وڵات ڕاگەیاند پاش ئەوەی هەواڵی مەرگی دیێگۆ مارادۆنای ئەفسانەی تۆپـی پـێی وڵاتەکەی بیست.

ئەلبێرتۆ فێرناندێز لەسەر تویتەرەکەی وێنەیەکی خۆی لەگەڵ مارادۆنا بڵاوکردەوە کە تیایدا باوەشیان بەیەکتردا کردووە و لەسەری نووسویەتی" ئێمەت بردە لوتکەی جیهان. ئەوپەڕی دڵخۆشت کردین. لە هەمووان مەزنتربوویت. دیێگۆ سوپاس بۆ بوونت. بۆ هەمیشە یادت دەکەین."

پـێشتر ئەمڕۆ چوارشەممە سیباستیان شانسێ گوتەبێژی مارادۆنا هەواڵی کۆچی دوایی مارادۆنای ڕاگەیاند و گوتی بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە.

مارادۆنا تەمەن 60 ساڵ لەم دواییانەدا دووچاری گرفتی تەندروستی بوو بەهۆی گرێـیەکی خوێن لە مێشکیدا، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر به‌خێرایی نەشتەرگەری بۆکرا.

مەرگی مارادۆنا لایەکی جیهانی غەمگین کرد، بە تایبەتی وەرزشوانان کە لە سەرانسەری جیهانەوە پـرسە و سەرەخۆی بۆ کەسوکار و هاوڕێ و خەڵکی ئەرجەنتین دەنێرن.

پێلێ، ئەستێرەی بەناوبانگی تۆپی پێی بەرازیلی لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" ئای کە هەواڵێکی غەمگینە. هاوڕێـیەکی مەزنم لەدەست دا و جیهانیش ئەفسانەیەکی لێ ڕۆیشت. هێشتا زۆر هەیە بگوترێت، بەڵام ئێستا خوا سەبوری ئەندامانی خێزانەی بدات. هیوادارم ڕۆژێک لە ئاسماندا پـێکەوە یاری تۆپی پـێ بکەین."

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ یاریزانی پورتوگالی ئەویش وێنەیەکی خۆی لەگەڵدا داناوە و نووسیویەتی"ئەمڕۆ بە هاوڕێـیەک دەڵێم ماڵئاوا و جیهان بە بلیمەتێکی هەمیشەیی دەڵێت ماڵئاوا. ئەفسانەی بێ وێنە. زوو ماڵئاوایی کرد، بەڵام مێژوویەکی بێ سنووری بە دوای خۆیدا جێهێشت و بۆشایـیەک کە هەرگیز پـڕناکرێتەوە. بە ئارامی سەربنێرەوە. هەرگیز لە یاد ناکرێیت."

شایەنی باسە مارادۆنا یەکێک بوو لە دیارترین یاریزانانی تۆپی پێ لە مێژوو و جیهاندا ، لوتکەی شکۆمەندی مارادۆنا کاتێکدا بوو کە کاپتنی تیمی تۆپی پێی نیشتیمانی ئەرجەنتین بوو بۆ بردنەوەی مۆندیال لە ساڵی 1986 دا ، بەڵام گرفتاری خەمۆکی و بێهودەیی بوو کاتێک لە مۆندیالی 1994 بەهۆی بەکارهێنانی مادە وزە بەخشەکانەوە دوورخرایه‌وه‌.

چەندین ساڵ بەهۆی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان و زۆرخواردن و ئالودە بوون بە خواردنەوە کحولیەکان، به ‌ته‌واوه‌تی دابڕا لە ناوبانگی ئەستێرەیی خۆی و لەشولاری لە کەسێکی وەرزشوانی لەشولار جوانەوە گۆڕا بۆ جەستەیەکی ناڕێک و ئالودە بە مادە هۆشبەرەکان و دواجار بەهۆی بەکارهێنانی کۆکاینەوە لە ساڵی 2000 دا دووچاری نەخۆشی دڵ بوو.

XS
SM
MD
LG