Accessibility links

چەکدارێک چوار کەس لە ناوچەی دێنڤەری ئەمەریکا دەکوژێت


بەرپرسانی ئەمەریکا وتیان چەکدارێک لە کۆمەڵێک شوێنی جیاواز لە ناوچەی دێنڤەر تەقەی کردووە و بەهۆیەوە چوار کەس کوژراون و سێ کەسی دیکە برینداربوون، ئەفسەرێکی پۆلیسیشیان تێدابووە، دواتر پۆلیس تەقەکەرەکەیان کوشتووە.

سەرۆکی پۆلیسی دێنڤەر پۆڵ پازین بە ڕۆژنامەنووسانی وت لێکۆڵەرەوانی پۆلیس هێشتا نازانن پاڵنەری چەکدارەکە چی بووە، سەرەتا لە کاتژمێر 5 ی ئێوارەدا هێرشبەرەکە لە ناوەڕاستی شاری دێنڤەر دوو ئافرەتی کوشتووە و پیاوێکیشی بریندارکردووە.

وتیشی دواتر چەکدارەکە بە ئوتومبێلێک هەڵهاتووە و لە ڕۆژهەڵاتی گەڕەکی چیسمان پارکی دێنڤەر تەقەی لە پیاوێک کردووە و کوشتوویەتی، دواتریش دووبارە لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوای دێنڤەر تەقەی کردۆتەوە بەڵام کەس بەرنەکەوتووە. بەپێی پازین گومانلێکراوەکە لە ئوتومبێلەکەیەوە تەقەی لە ئەفسەرانی پۆلیسی دێنڤەر کردووە کە بەدوایەوە بوون، ئوتومبێلێکی پۆلیسیشی لەکارخستووە.

وتەبێژی پۆلیسی شاری لەیکوود جۆن ڕۆمێرۆ وتی لەوێوە چەکدارەکە ڕۆشتووە بۆ شاری لەیکوودی دراوسێی دێنڤەر، لە شوێنێکی کارکردندا چوارەمین کەسی بە فیشەک کوشتووە.

ڕۆمێرۆ وتی چەکدارەکە بە ئوتومبێلەکەیەوە لە دەست پۆلیسەکانی لەیکوود هەڵهاتووە و تەقەی لێکردوون، دواتر بەپێ ڕایکردووە و چووەتە هۆتێلێکەوە، لەوێش کەسێکی دیکەی بریندارکردووە. دواتریش دووبارە تەقەی لە پۆلیسەکان کردۆتەوە و یەکێکیانی بریندارکردووە، پۆلیسیش تەقەی لێکردووە و کوشتوویانە.

بەرپرسانی شارەکە بە ئاشکرا ناسنامەی چەکدارەکەیان بڵاونەکردەوە، وتیشیان هۆکاری ئەنجامدانی ئەم هێرشە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG