Accessibility links

دانیمارک کۆنتڕۆڵی سنوورەکانی توندتر دەکاتەوە


حکومەتی دانیمارک ڕایگەیاند دوای سوتاندنی قورئانەکان لەم دواییانەدا لە وڵاتەکەدا، کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی توندتر دەکاتەوە تاوەکو ئاسایشی ناوخۆ پتەوتر بکات و ڕێگری بکات لە هاتنی کەسانی نەخوازراو بۆ ناو وڵاتەکەیان، ئەمەش دوابەدوای بڕیارێکی هاوشێوە لەلایەن سویدەوە.

بەرپرسانی دانیمارک و سوید ترسی هێرشی تۆڵەسەندنەوەیان هەیە دوای ئەوەی چەند کەسێکی دژ بە ئیسلام لەو دوو وڵاتەدا ژمارەیەک کتێبی قورئانیان سووتاند.

وەزارەتی دادی دانیمارک لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " بەرپرسان ئەمڕۆ گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە پێویستە لەم کاتەدا سەنگێکی زیاتر بخرێتە سەر ئەوەی کێ دێتە ناو دانیمارکەوە، بۆ ئەوەی وەڵامی هەڕەشەکانی ئێستا و هەڕەشە تایبەتەکان بدرێتەوە."

پۆلیسی دانیمارک وتی ئەو سەرنشینانەی کە دەگەنە فڕۆکەخانەی کۆپنهاگن، تەنانەت ئەوانەشی کە لە ناوچەی شنگنی ئەوروپاوە دێن، ڕووبەڕووی وردبینی زیاتر دەبنەوە لە شێوەی پشکنینی هەڕەمەکیدا.

هەروەها پێویستە ئەو گەشتیارانەی کە لە سویدەوە بە شەمەندەفەر یاخود ئۆتۆمبێل دێن بۆ دانیمارک، چاوەڕوانی پشکنینی زیاتر بن، هاوکات سنووری باشووری دانیمارک لەگەڵ ئەڵمانیا زیادبوونی ئەرکە ئێشکگرییەکان بەخۆیەوە دەبینێت.

گروپێکی بچووک لە چالاکەوانانی ڕاستڕەوی توندڕەوی دانیمارک لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لانیکەم 10 کتێبی قورئانییان سووتاندووە و ڕایانگەیاندووە کە پلانیان هەیە لە دوو خۆپیشاندانی ڕۆژی هەینی و لە سێ بۆنەی دیکەدا لە کۆتایی هەفتەدا کتێبی زیاتری قورئان بسوتێنن.

حکومەتی دانیمارک و سوید سەرکۆنەی سوتاندنی قورئانییان کردووە بیر لە یاسایەکی نوێ دەکەنەوە کە بتوانێت ئەو جۆرە کارانە ڕابگرێت. بەڵام ڕەخنەگرانی ناوخۆ دەڵێن هەر بڕیارێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی تێکدانی ئازادی ڕادەربڕین کە لە دەستوورەکانیاندا پارێزراوە.

لە سەرەتادا توندترکردنەوەی کۆنتڕۆڵی سنوورەکانی دانیمارک تاوەکو 10 ی مانگی هەشت بەردەوام دەبێت.

وەزیری دادی دانیمارک پیتەر هومێلگارد وتی " سووتاندنی قورئان لەم دواییانەدا، وەک پۆلیسی ئاسایش دەڵێت، کاریگەری لەسەر دۆخی ئاسایشی ئێستا هەبووە."

بڕیاری توندکردنەوەی کۆنتڕۆڵی سنوورەکان دوای هەنگاوێکی هاوشێوەی سوید دێت.

سەرۆک وەزیری دانیمارک مێتێ فرێدریکسن شەوی پێنجشەممە وتی نابێت دەقە ئاینییەکان بسوتێنرێن.

فرێدریکسن بە کەناڵی دی ئاڕی وت " پێم وایە هەڵە دەبێت ئەگەر کەسێک لەوێدا بوەستێت و ئینجیل بسووتێنێت. پێشم وایە لەبەر خاتری ئەوانەی کە باوەڕداری جوون نابێت تەورات بسووتێنین. "

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG