Accessibility links

دانیمارک: هیچ ئاماژەیەک نیە لەسەر ئەوەی ڕووداوی تەقەکردنەکەی ناو مۆڵەکە کردەوەی تیرۆریستی بووبێت


پۆلیسی دانیمارک دەڵێت بەهۆی تەقەکردنێکەوە لە ناو مۆڵێکی کۆپنهاگن چوار کەس بە سەختی برینداربوون و سێ کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە.

سەرۆکی پۆلیس سۆرین تۆماسن بە ڕۆژنامەنووسانی وت هیچ ئاماژەیەک نیە لەسەر ئەوەی تەقەکردنەکە " کردەوەی تیرۆریستی " بووبێت، یاخود گومانلێکراوەکە خەڵکی دیکەی لەگەڵدا بووبێت.

تۆماسن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەم ڕووداوە لەلایەن گومانلێکراوەکەوە ئامادەکاری بۆ کراوە و بەمەبەست بووە." بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەدا لەسەر پاڵنەری هێرشبەرەکە.

گوتیشی تەقەکەرەکە کچ و کوڕێکی تەمەن 17 ساڵ و هاوڵاتییەکی ڕووسی تەمەن 47 ساڵی کوشتووە، هاوڵاتییە ڕووسییەکە دانیشتووی دانیمارک بووە.

گوتی چوار کەسیش بە سەختی برینداربوون بەڵام بارودۆخییان جێگیرە، بریندارەکانیش دوو هاوڵاتی سویدی و پیاوێکی تەمەن 50 ساڵ و کچێکی تەمەن 16 ساڵ بوون.

پۆلیس وتی کۆمەڵێک خەڵکی دیکە لەکاتی هەڵهاتنیاندا بە سوکی بریندار بوون، بەڵام برینەکانیان بەهۆی فیشەکەوە نەبووە.

گومانلێکراوکە کە پۆلیس دەڵێت لەلایەن پزیشکە دەروونییەکانی دانیمارکەوە ناسراو بووە، لە کاتی دەستگیرکردنیدا چەکێک و فیشەک و چەقۆیەکی پێبووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG