Accessibility links

دانیمارک تاوتوێی پڕۆژە یاسایەک دەکات بۆ قەدەغەکردی سوتاندنی قورئان


پەرلەمانی دانیمارک تاوتوێی پڕۆژە یاسایەک دەکات بۆ قەدەغەکردنی سوتاندنی قورئان، ئەوەش دوای زنجیرەیەک لە ڕووداوی سوکایەتیکردن بە کتێبی پیرۆزی ئیسلام کە بووە هۆی توڕەبوونی وڵاتانی موسوڵمان.

لە کۆتایی مانگی حەوتدا نزیکەی 1000 خۆپیشاندەر لە بەغدادی پایتەختی عێراق هەوڵییاندا بەرەو باڵیۆزخانەی دانیمارک بڕۆن پاش داوایەکی موقتەدا سەدری کەسایەتی دیاری شیعەکان لەو وڵاتەدا.

حکومەتی دانیمارک وتی گرژییەکان مەترسییان لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دروست کردووە.

بەگوێرەی کورتەیەک کە لە ماڵپەڕی پەرلەمانی دانیمارکدا بڵاوکراوەتەوە، ئامانجی پڕۆژە یاساکە ئەوەیە کە " سوکایەتیکردن بە ئاشکرا بەو دەقانەی کە گرنگییەکی ئایینی بەهێزییان هەیە بۆ کۆمەڵگەیەکی ئایینی " ببێتە تاوان.

ئەوانەی کە ئەو کارە دەکەن، بە گوێرەی پڕۆژە یاساکە سزای دوو ساڵ زیندانییان بەسەردا دەسەپێندرێت.

بەپێی ژمارەکانی پۆلیسی نیشتیمانی دانیمارک، لە نێوان 21 ی مانگی حەوت و 24 ی مانگی 10 ی ئەم ساڵدا، 483 حاڵەتی سوتاندنی کتێب یاخود سوتاندنی ئاڵا لە دانیمارک تۆمارکراون.

پڕۆژە یاساکە سەرەتا لە مانگی هەشتدا ڕاگەیەندرا، بەڵام بەهۆی ڕەخنەکانەوە لەسەر ئەوەی کە ئازادی ڕادەربڕین سنووردار دەکات و جێبەجێکردنی قورس دەبێت، پڕۆژە یاساکە هەموار کرایەوە.

وەزارەتی دادی دانیمارک لە کۆتایی مانگی 10 دا وتی " پڕۆژە یاساکە تەسککراوەتەوە بۆ ئەوەی تەنها ئەو حاڵەتانە بگرێتەوە کە تێیاندا بە شێوەیەکی نەگونجاو مامەڵە لەگەڵ دەقە ئایینییە گرنگەکاندا دەکرێت."

یەکەم ڕەشنووسی پڕۆژە یاساکە لەلایەن هەندێکەوە ڕەخنەی لێگیرا، لەوانەش سیاسەتمەداران و هونەرمەندان و ڕاگەیاندنەکان و شارەزایانی ئازادی ڕادەربڕین، کە بە گەڕانەوە بۆ یاسایەکی کوفر سەیریان کرد کە دانیمارک لە ساڵی 2017 دا هەڵیوەشاندەوە.

هەروەها پۆلیس و بەرپرسانی دادوەریی ترسیان لەوە هەبوو کە جێبەجێکردنی قورس بێت.

وەزیری دادی دانیمارک پیتەر هومێلگارد لە مانگی 10 دا وتی" بەو گۆڕانکارییانەی کە ئێستا پێشنیارییان دەکەین، یاساکە ئاسانتر دەبێت بۆ ئاڕاستەکردنی بۆ پۆلیس و دادگاکان. " ئاماژەی بەوەشدا کە هەڕەشەی تیرۆریستی دژی دانیمارک زیاتر بووە.

یاسا نوێیەکە لە بەشی 12 ی یاسای سزادانی دانیمارکدا دەخرێتەڕوو کە ئاسایشی نیشتمانیش دەگرێتەوە.

لە ساڵی 2006 دا شەپۆلێکی توڕەیی و توندوتیژی دژ بە دانیمارک لە جیهانی موسڵماناندا سەریهەڵدا، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی کاریکاتێرەکانی پێغەمبەر محەمەد.

دوای خوێندنەوەی یەکەمی ڕۆژی سێشەممە، دەبێت پڕۆژە یاسا پێشنیارکراوەکە لەلایەن لیژنەیەکەوە تاوتوێ بکرێت و دواتر پێش ئەوەی دەنگدانی لەسەر بکرێت دەبێت پێشکەش بکرێت بۆ دوو خوێندنەوەی دیکە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG