Accessibility links

دەسەڵاتدارانی جەزائیر ژمارەیەک ڕۆژنامەوان دەسـتگیردەکەن و پاشان ئازادیان دەکەن


دەسەڵاتدارانی جەزائیر فشاری زیاتریان خستووەتە سەر ڕۆژنامەوانانی وڵاتەکەیان تاوەکو دەستبەرداری داواکانیان بن بۆ کاری ڕۆژنامەگەری ئازاد و سەربەخۆ.

ژمارەیەک لە ڕۆژنامەوانانی جەزائیر ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە مەیدانی ئازادی لە جەزائیری پایتەخت گردبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر چاودێری حکومەت بەسەر کارەکانیـیانەوە. داواشیانکرد ڕێز لە کاری ڕۆژنامەگەری بگیرێت بەو پـێـیەی دەسەڵاتی چوارەمە لە سیستەمی حوکمڕانیدا.

هێزەکانی پـۆلیس گەیشتنە شوێنی گردبوونەوەکە و 15 ڕۆژنامەوانیان دەستگیرکرد، بەڵام دواتر ئازادیان کردن.

زیادبوونی ناڕەزایی ڕۆژنامەوانانی جەزائیر پاش ئەوە دێت کە دەسەڵاتداران ڕێگەیان نەدا دەزگاکانی ڕاگەیاندی حکومەت ڕووماڵی ئەو ناڕەزایـیە جەماوریـیانە بکەن کە وڵاتەکەی گرتووەتەوە بەهۆی خۆکاندیدکردنی عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە سەرۆکی وڵات بۆ گەڕی پـێنجەمی سەرۆکایەتی.

شەعبان نایت موبارەک ڕۆژنامەوان لە ڕادیۆی جەزائیر لەسەر فەیسبوک ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا دەڵێت هێزەکانی حکومەت پەلاماری گردبوونەوەکەیان داون و دەستگیریانکردوون تاوەکو ڕاستی دۆخی کاری ڕۆژنامەگەری لە جەزائیر ئاشکرا نەکەن. دەشڵێت "دەیانەوێت وەک ڕانە مەڕ ڕەفتار بکەین."

جێی ئاماژەیە لە 22 ی مانگی دووەوە ناڕەزایی جەماوەری لەم بارەیەوە دەسـتیپـێکردووە و هەتا ئەمڕۆش بەردەوامە.

XS
SM
MD
LG