Accessibility links

کۆمەڵێک چەکدار هێرشیان کردە سەر وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان


کۆمەڵێک چەکدار بە فیشەک و ڕوومانە هێرشیان کردە سەر بنکەی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر پێکدادان ڕوویدا لەنێوان ئەوان و هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستاندا، ئەمەش لە دوایین هێرشەکانی چەکداراندا بۆ سەر کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان.

بەرپرسێکی باڵای پۆلیس وتی لە سەرەتای هێرشەکەدا ئوتومبێلێکی بۆمبڕێژکراو لەبەردەم دەرگای وەزارەتدا تەقیەوە و دواتر ژمارەیەک لە چەکدارەکان توانیان بێنە ناو بنکەکەوە.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان نەجیب دانیش وتی 10 چەکدار هێرشەکەیان ئەنجامداوە و بەلایەنی کەمەوە پۆلیسێک کوژراوە و پێنجی دیکە برینداربوون.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتەکە وتی خۆکوژێک لەناو بنکەی وەزارەتدا خۆی تەقاندۆتەوە و یەکێکی دیکەیان لە بورجی چاودێرییەکەوە تەقەی کردەوە لەکاتێکدا خۆڵ و دوکەڵ بەرز بوونەتەوە بەسەر بنکەکەدا.

بەرپرسێکی دیکەی ناو وەزارەتەکە وتی هێرشبەرەکان نەیانتوانیوە بێنە ناو بینا گرنگەکانەوە چونکە لە دەرگای سەرەکیەوە دوورن و ڕووبەرێکی فراوان هەیە لە ناو بنکەکەدا کە یارمەتی هێزەکانی ئەفغانستانی داوە بەخێرایی هێرشەکە پوچەڵ بکەنەوە.

ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند کە نوێترین هێرشە لەو زنجیرە هێرشە کوشندانەی کە لەمساڵدا ڕووبەڕووی کابوڵ بۆتەوە و بۆتە هۆی کوژران و برینداربوونی سەدان کەس سەرەڕای بەڵێنە فەڕمییە دووبارەوەبوووەکان بۆ باشکردنی ڕەوشی ئاسایشی کابوڵ.

لە مانگی ڕابردوودا لەئەنجامی دوو کردەوەی خۆکوژیدا بەلایەنی کەمەوە 26 کەس کوژران کە لەنێویاندا نۆ ڕۆژنامەنووس هەبوون لەکاتێکدا کە چووبوونە ئەوێ بۆ ڕووماڵکردنی تەقینەوەی یەکەم و خۆکوژێکی دیکە ئەوانی کردە ئامانج. ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەیان ڕاگەیاند.

پێش ئەوە بە هەفتەیەک لە ئەنجامی کردەوەیەکی خۆکوژی دیکەدا لەبەردەم بنکەیەکی تۆمارکردنی دەنگدەران 60 کەس کوژران و زیاتر لە 100 کەسی دیکە برینداربوون.

جێی ئاماژەیە ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی زۆرێک لە هێرشەکانی سەر کابوڵی گرتۆتە ئەستۆ بەڵام بەرپرسانی ئاسایشی ئەفغانی گومانیان لەوە هەیە و دەڵێن زۆربەی ئەو هێرشانە لەوانەیە تۆڕی حەقانی کە سەر بە تاڵیبانە ئەنجامیان بدات.

ئەم هێرشانەش تیشک دەخەنە سەر خراپبوونی باری ئاسایشی ئەفغانستان پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ناوخۆ کە وابڕیارە لە 20 ی مانگی 10 دا بەڕێوەبچێت و تاڵیبانیش هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە بنکەکانی دەنگدان بکاتە ئامانج.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG