Accessibility links

لە شەڕ و پێکدادانەکانی دارفوردا نزیکەی 140 کەس کوژراون


لە ماوەی سێ ڕۆژی شەڕ و پێکدادانەکاندا لە هەرێمی دارفور لە ڕۆژئاوای سودان نزیکەی 140 کەس کوژراون، ئەمەش توندوتیژترین پێکدادانە لە دوای ڕێکەوتنی ئاشتیەوە لە مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا.

دوای دوو هەفتە لە کۆتای هاتنی ئەرکەکانی هێزی ئاشتی پارێزی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەفریقا لە هەرێمی دارفور، شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هۆزەکانی دارفور زیادییان کردووە.

یەکێک لە سەرکردەکانی هۆزی فەلاتە بە فرانس پرێسی وت ڕۆژی دووشەممە شەڕ و پێکدادانەکان دووبارە سەریانهەڵدایەوە دوای ئەوەی " چەکدارانی هۆزی ڕەزیقات هێرشیان کردە سەر گوندی تەویل سەعدون کە شوێنی سەرەکی هۆزی فەلاتەیە."

وتیشی بەهۆی پێکدادانەکانەوە 55 کەس کوژراون و کۆمەڵێک خانووش لەمیانەی هێرشەکەدا سوتێندراون.

ئەوەشی خستەڕوو هێرشەکە وەکو تۆڵەسەندنەوەیەک بووە لە کوژرانی یەکێک لە ئەندامانی هۆزی ڕەزیقات لەسەر دەستی هۆزی فەلاتە.

لە شەڕ و پێکدادانەکانی ڕۆژی شەممە و یەکشەممەشدا لە شاری جەنینەی پایتەختی ویلایەتی ڕۆژئاوای دارفور لانی کەم 83 کەس کوژران.

کاربەدەستانی سودان قەدەغەکردنی هاتوچۆیان لە ویلایەتی ڕۆژئاوای دارفور ڕاگەیاندووە، سەرۆک وەزیری وڵاتەکە عەبدوڵا حەمدوکیش فەرمانی بە " ڕەوانەکردنی شاندێکی باڵا کردووە " بۆ شاری جەنینە تاوەکو چارەسەری ڕەوشەکە بکات و ئارامی و سەقامگیری بۆ ویلایەتەکە بگەڕێنێتەوە.

لەلای خۆیەوە ستیفان دوجاریکی وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش وتی " سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە بەرپرسانی سودان کردووە ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بدەن بۆ هێورکردنەوەی ڕەوشەکە و کۆتایی هێنان بە شەڕ و پێکدادانەکان و گەڕاندنەوەی یاسا و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG