Accessibility links

نەتەوە یەکگرتوەکان: پەنابەرە سوورییەکان ناوچەیەکی نزیک سنووری ئەردەن بەجێ دە‌هێڵن


دوای ئەوەی بەهۆی ئەرکە سەربازییەکەی حکومەتی سوریاوە بۆ سەر باشووری ڕۆژئاوای سوریا، هەزاران هاوڵاتی بەرەو سنوورەکانی ئەردەن و ئیسڕائیل هەڵهاتن، ئێستاش هەزاران پەنابەری سووری ناوچەیەکیان جێهێشتووە کە دەکەوێتە نزیک خاڵێکی سنوورییەوە لەگەڵ ئەردەندا.

ڕێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەردەن ئەندرێس پیدەرسن وتی تەنها 150 بۆ 200 کەس لە ناوچەکەدا ماون.

ئەردەن و ئیسڕائیل وتیان ڕێگە نادەن پەنابەرە سوورییەکان بێنە وڵاتەکانیانەوە و سنوورەکانیان توندتر کردەوە و هەندێک یارمەتییان نارد بۆ ناو سوریا.

دوای ئەوەی سوپای سوریا دەستی گرتەوە بەسەر خاڵە سنوورییەکەدا و ئۆپۆزسیۆن لەمیانەی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەفسەرانی ڕوسیدا ڕازیبوون چەکەکانیان دانێن، هێشتا نەزانراوە ئەو پەنابەرە سووریانە بۆ چ ناوچەیەکی باشووری سوریا گەڕاونەتەوە. شایەتحاڵان دەڵێن ناوچە سنوورییەکەیان بەجێ هێشتووە و بەرەو کۆمەڵێک ناوچەی دیکە ڕۆشتوون لە ناو پارێزگای دەرعادا، کە ئێستا لەوێ شەڕ بەنزیکەیی تەواو بووە.

هێزەکانی حکومەتی سوریا ڕۆژی شەممە بە خاڵە سنوورییەکەدا بڵاوبوونەوە و جموجۆڵی بازرگانیان کۆنتڕۆڵ کردەوە، دوای ئەوەی سێ ساڵ لەژێر دەستی ئۆپۆزسیۆندا بوو.

یەکینەی ڕاگەیاندنی جەنگ کە کۆمەڵەی حیزبوڵا بەڕێوەی دەبات وتی هێزەکانی سوریا بەتەواوەتی ڕێگای سەرەکی دیمەشق بۆ عەمانیان کۆنتڕۆڵکردووە و ئێستا پارێزراوە.

هەروەها سوپا چووە ناو بنکەیەکی سەربازیی ئاسمانیەوە لەنزیک شاری دەرعا کە ئەوەش وایکرد پەیوەندیی نێوان چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی ناو شارەکە و چەکدارەکانی دیکەی ڕۆژئاوای شارەکە ببڕێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت هێرشەکەی سوپای سوریا بە پشتیوانی ڕوسیا لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بووە هۆی ئەوەی 320 هەزار هاوڵاتی ماڵ و حاڵیان بەجێ بهێڵن.

هەروەها نزیکەی 60 هەزار کەسی دیکە لە سنووری ئەردەن کۆبوونەوە، لەکاتێکدا هەزاران هاوڵاتی دیکە لەسەر سنووری بەرزاییەکانی گۆلان کۆبوونەوە.

پیدەرسن داوای لە هێزی دەریایی کرد بچێتە ناو پارێزگای دەرعا و قەنتیرەوە و وتی کاروانی یارمەتییەکان چاوەڕێی ئەوە دەکەن بچنە ناو گوندێکەوە کە هێزەکانی حکومەتی سوریا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆنتڕۆڵیان کردۆتەوە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " ئەوەی دەمانەوێت ئەوەیە بە ئازادی بچینە ناو باشووری ڕۆژئاوای سوریاوە بەبێ هیچ بەربەستێک."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG