Accessibility links

دانمارک بڕیار دەدات ڕێگە نەدرێت شەش کەسایەتی ئاینی موسڵمان و کرستیان بچنە نێو وڵاتەکەیەوە

  • VOA News

ئنگەر ستۆیبێرگ وەزیری کۆچبەری دانمارک

دانمارک بڕیاری داوە ڕێگە بە پـێنج پـیاوی ئاینی موسڵمان و پـیاوێکی کرستیان نەدرێت بچنە ناو وڵاتەکەیەوە، دەڵێت ئەمانە ڕق و کینە بڵاودەکەنەوە و جێی مەترسین بۆ سەر کۆمەڵگە.

دەسەڵاتدارانی دانمارک دوێنێ سێشەممە ناوی ئەو کەسانەیان ڕاگەیاند کە بریتین لە کەمال ئەلمەکی ئەمەریکایی و بیلال فیلیپسی کەندەی بە ڕەچەڵەک جامایکی کە لە قەتەر دەژی و محەمەد ئەلعەریفی و سەلمان ئەلعۆدە کە سعودین و محەمەد ڕاتب ئەلنابلسی سوریایی و قەشە تێری جۆنزی ئەمەریکایی ئەوەی لە ساڵی 2010 قورئانی سووتاند و ناڕەزایـیەکی زۆری لێکەوتەوە.

ئنگەر ستۆیبێرگ وەزیری کۆچبەری دانمارک لە بارەی ئەم بڕیارەوە گوتی حکومەتی وڵاتەکەی ڕێگە نادات کەسانێـک بێنە وڵاتەکەیەوە و هانی خەڵکی بدەن بۆ ڕق و کینە و ئەنجامدانی کاری توندوتیژی لە دژی ژنان و منداڵان و بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی خەلافەتی ئیسلامی.

ئەم بڕیارەی حکومەتی دانمارک لەسەر بنەمای یاسایەکە کە ساڵی ڕابردوو پەرلەمانی دانمارکی پەسەندی کرد بۆ ڕێگەگرتن لە هاتنی ئەو کەسایەتیـیە ئاینیـیە بیانیـیانەی بە جێی مەترسی دادەنرێن بۆ سەر ئاسایشی گشتی.

ساڵی ڕابردوو ڤیدیۆی ئیمامی مزگەوتێـک لە دانمارک بڵاوبووەوە کە تیایدا هانی خەڵکی دەدا بۆ کوشتن، ئەمەش نیگەرانی و ناڕەزایـیەکی زۆری لێکەوتەوە.

XS
SM
MD
LG