Accessibility links

موشەکێک لە بینایەکی ناوەڕاستی دیمەشق دەدات و پێنج کەس گیان لە دەستدەدەن


شایەتحاڵان و بەرپرسان دەڵێن بەیانی زووی ڕۆژی یەکشەممە موشەکێکی ئیسڕائیل لە بینایەکی گەڕەکی کەفر سوسای دیمەشقی داوە لە نزیک بینایەکی ئاسایشی نزیک دەزگاکانی ئاسایشی ئێرانییەکانەوە و لە ئەنجامدا پێنج کەس گیانیان لە دەستداوە.

هێرشە ئاسمانییە دەگمەنەکە زیانی بە چەند بینایەک گەیاندووە لە ناوچەیەکی دانیشتواندا کە لە گۆڕەپانی ئومایەدەوە نزیکە و دەکەوێتە ناوەڕاستی دیمەشقی پایتەختی سوریاوە، چەند بینایەکی ئاسایشیش لە نێو ئەو ناوچەیەدان.

بەرپرسێکی پۆلیس وتی چەندین بریندار و قوربانی هەبوون.

وتەبێژێکی سوپای ئیسڕائیل ڕەتی کردەوە لێدوان بدات.

دەزگای هەواڵی سوریا لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە ئیسڕائیل هێرشە ئاسمانییەکەی ئەنجامداوە و بە ماوەیەکی کورت دوای نیوەشەو چەندین ناوچەی پایتەختی کردۆتە ئامانج، بەهۆی هێرشەکانەوە پێنج کەس کوژراون و 15 کەسی دیکە بریندار بوون، لە نێویشیاندا هاوڵاتی مەدەنی هەبوون، هەروەها زیانی بە چەندین بینای نیشتەجێبوونیش گەیاندووە.

سوپای سوریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " زیانی بە چەندین ماڵی هاوڵاتیانی مەدەنی گەیاندووە و زیانێکی ماددی بە ژمارەیەک لە گەڕەکەکانی دیمەشق و دەوروبەری گەیاندووە."

هێشتا دیار نیە ئامانج لە هێرشەکە کەسێکی دیاریکراو بووە یاخود نا.

فەرماندەیەکی باڵای حزبوڵای هاوپەیمانی ئێران ئیمار موغینییە لە ساڵی 2008 دا لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر کەفر سوسا کوژرا، ناوچەکە بە توندی پارێزراوە و دانیشتوانیش دەڵێن دەزگاکانی ئاسایشی ئێرانی تێدایە، ناوەندێکی کلتوری گەورەشی تێدایە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG