Accessibility links

چیک: سزاکانی دواتری یەکێتی ئەوروپا دژی ڕووسیا قەدەغەکردنی هاوردەکردنی گازی تێدا نابێت


سەرۆک وەزیری چیک پیتر فیالا
سەرۆک وەزیری چیک پیتر فیالا

سەرۆک وەزیری چیک پیتر فیالا بە ڕۆیتەرزی وت یەکێتی ئەوروپا ئامادەکاری دەکات بۆ سەپاندنی حەوتهەمین کۆمەڵە سزا بەسەر ڕووسیادا، بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە کۆتوبەند ناخاتە سەر هاوردەکردنی گازی ڕووسی چونکە زۆرێک لە وڵاتانی یەکێتییەکە ناتوانن بەو خێراییە خۆیان لەگەڵ دۆخەکەدا بگونجێنن.

فیالا وتی لە ئێستادا ئامادەکردنی سزاکان لەلایەن کۆمسیۆنی ئەوروپاوە لە دوایین قۆناغیدایە، ئەوەش بەمەبەستی زیادکردنی فشارەکانی سەر ڕووسیا، بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا.

فیالا لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ڕۆیتەرز وتی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا دەبێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆمەڵە سزاکە بخاتەڕوو و دواتریش وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە دەتوانن بەخێرایی پەسەندی بکەن.

وتی " حەوتەمین کۆمەڵە سزا دژی ڕووسیا ئامادەکراوە، پێم وایە ئەوە ئاڕاستەیەکی باشە."

وتیشی " کێشەکە ئەوە دەبێت وزە بخەیتە ناو سزاکانەوە، چونکە بڕیارێک کە دەدرێت دەبێت چاودێری بکرێت و بزانرێت کە ئەو سزایەی دەسەپێندرێت دەبێت کاریگەرییەکی زیاتری لەسەر ڕووسیا هەبێت نەک بە پێچەوانەوە کاریگەرییە زۆرەکەی لەسەر ئەو وڵاتانە بێت کە سزاکە دەسەپێنن."

فیالا وتی مەحاڵە لەم سزایانەی ئەمجارەدا کۆتوبەند خستنەسەر هاوردەکردنی گازی ڕووسیای بۆ ئەوروپا تێدا بێت.

وتی " پێم وایە دەبێت تیای نەبێت، چونکە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا پشتیان بە گازی ڕووسیا بەستووە."

چیک یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەوروپا کە نزیکەی زۆربەی پێویستییەکانی گازی لە ڕووسیاوە بۆ دابین دەکرێت.

بە گشتی، پێش داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، ڕووسیا لە سەدا 40 ی پێویستییەکانی گازی یەکێتی ئەوروپای دابین دەکرد.

فیالا وتی چیکییەکان ئەوەی لەتوانایاندا بێت دەیکەن تاوەکو چیتر پشت بە وزەی ڕووسی نەبەستن، " بەڵام ئەوە لەم زستانەدا ڕوونادات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG