Accessibility links

هاوڵاتیانی چیک خۆپیشاندان دژی زیادبوونی توندڕەوی ئەنجام دەدەن و پشتیوانی خۆیان بۆ ئۆکرانیا دەردەبڕن


پراگ، چیک
پراگ، چیک

ڕۆژی یەکشەممە دەیان هەزاران هاوڵاتی چیکی لە گۆڕەپانی سەرەکی پراگی پایتەخت خۆپیشاندانیان دژی پۆپیولیسم و توندڕەوی ئەنجامدا، دوو ڕۆژ دوای ئەوەی هاوپەیمانی بزووتنەوەی سیاسیی ڕاستڕەوەکان و گروپە پەراوێزخراوەکان و پارتی کۆمیونیست لە هەمان شوێندا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

هاوڵاتیان ئاڵای چیک و ناتۆ و ئۆکرانیایان بەرزکردبۆوە و زۆرێک پشتیوانی خۆیان بۆ ئۆکرانیا دەردەبڕی، بە پێچەوانەی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی هەینییەوە کە ڕێکخەرەکانی دژایەتی یەکێتی ئەوروپا و ناتۆیان دەکرد داوای گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان دەکرد لەگەڵ ڕووسیادا سەبارەت بە دابینکردنی پێویستییەکانی گاز.

هاوڵاتیان دروشمی " چیک دژی ترسە " و " دەتوانین مامەڵەی لەگەڵدا بکەین " بەرزکردبۆوە، ڕێکخەری خۆپیشاندانەکانیش کە دامەزرێنەرانی گروپی ' ملیۆنان ساتی دیموکراسی ' بوون، دامەزرێنەرانی گروپەکە بە خەڵکەکەیان وت سەرەڕای ترس و نیگەرانییەکان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە و جەنگەکە لە ئۆکرانیا، داهاتووی دیموکراسی لە مەترسیدایە.

دامەزرێنەرانی گروپەکە پێکەوە بە خەڵکەکەیان گوت " سوپاس بۆ هاتنتان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ترسەکانتان. لەوە تێدەگەین کە زۆرێک دەترسن. بەڵام هەمیشە خراپ نابێت، ترس خزمەتکارێکی باشە و یارمەتیمان دەدات ڕزگارمان ببێت."

لە گردبوونەوەکەدا گرتە ڤیدیۆیەکی خانمی یەکەمی ئۆکرانیا ئۆلینا زێلێنسکی پەخش کرا کە تیایدا داوای لە خەڵکەکە کرد سەنگییان لەسەر ڕووداوەکانی ناو ئۆکرانیا بهێڵنەوە.

گوتی " ڕێگە نادەین ڕووسیا ئێمە یاخود جیهان ڕابکێشێتە تاریکییەوە. تاریکی هەرگیز سەرکەوتوو نابێت، هەتاوەکو خەڵکەکە چاوییان بە ڕووی جەنگەکەدا دانەخەن هەرگیز ڕووناکییەکەمان دانامرکێتەوە.

بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە بەهۆی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیاوە فشاری خستۆتە سەر حکومەتەکانی وڵاتانی سەرانسەری ئەوروپا بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ کەمکردنەوەی نرخەکانی وزە بۆ بەکارهێنەران و کارەکان.

سەرۆک وەزیری کۆماری چیک پشتگیری سزاکانی یەکێتی ئەوروپای کردووە بۆ سەر ڕووسیا بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا. هەروەها کۆمەڵێک ڕێوشوێنێشی گرتۆتەبەر، لەوانەش پشتیوانی دارایی لە کۆمپانیاکان و کەمکردنەوەی نرخەکانی کارەبای ماڵان لە وڵاتەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG